رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە شاندێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ژمارەیەک کێشەی هەڵپەسێردراو لەوانە داننان بە زانکۆی گەرمیان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق کۆببێتەوە.
چنار حاجی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە 24ی ئەیلوولی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە شاندەکە رۆژی 27ـی ئەیلوول لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا و ئەندامانی لیژنەی خوێندنی باڵا تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگ بکەن.
بە گوتەی چنار حاجی، گرنگترین ئەو پرسانەی باس دەکرێن، بریتین لە داننان بە زانکۆی گەرمیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، داننان بە زانکۆکانی کتاب و قەلەم لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، یەکساننەکردنی بڕوانامەی ئەو کەسانەی بێ مۆڵەت لە دەرەوەی وڵات خوێندوویانە، چارەسەرکردنی کێشەی ئەو خوێندکارانەی بە مۆڵەت خوێندوویانە، بەڵام لە بەغدا دان بە بڕوانامەکانیاندا نانرێت بە بیانووی ئەوەی زانکۆکانیان لەلایەن بەغداوە دانپێدانراو نین، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 11ـی ساڵی 2025 کە رێگە نادات فەرمانبەر تاوەکو 5 ساڵ درێژە بە خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) بدات.
چنار حاجی، کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە روونیکردەوە، ئەو کێشانەی لەگەڵ وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکان باسکردووە و داوای هاوئاهەنگیی بەهێزی لەنێوان هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
نازک ئەحمەد، نوێنەری قەزای خانەقین لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی 27ی ئەم مانگە، بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان پرسی داننان بە زانکۆی گەرمیان تاوتوێ دەکەن.
نازک ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لەوەدەکات، بەرپرسانی خوێندنی باڵای عێراق پاساوی داننەنان بە زانکۆی گەرمیان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا هەرێمی کوردستان داننانێت بە زانکۆکانی کیتاب و قەڵەم، لەکاتێکدا ئەمە دوو بابەتی جیاوازن، گەرمیان زانکۆیەکی حکومییە و ئەو دوو زانکۆیەش ئەهلین، نەک حکومی.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، تەواوی هەوڵەکان چڕکراونەتەوە بۆ ئەوەی بە فەرمی دان بنرێت بە زانکۆی گەرمیان، بەمەش کێشەی هەزاران قوتابی زانکۆکەکە چارەسەر دەبێت و دەتوانن سوود لە بڕوانامەکانیان وەربگرن و کاری پێبکەن لەوانەش بۆ دامەزراندن.



