رووداو دیجیتاڵ
دۆسیەی یاد سەربازی تەمەن چوار ساڵان، کە لە دووەم رۆژی جەژنی قوربانەوە لە گوندی ئێندزێی بناری قەندیل بێسەروشوێن بوو، دواى 17 رۆژ گەیشتە وێستگەیەکی هەستیار. دوای دۆزینەوەی پارچە ئێسک و جلوبەرگێک لە ناوچەیەکی شاخاوی، باوکی یاد بۆ یەکەمجار لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە وردەکاریی نوێ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی دۆسیەکە ئاشکرا دەکات.
سەرباز، باوکی یاد، کە بە سیمایەکی پڕ لە خەم و دڵگرانییەوە لەبەردەم کامێرای رووداو وەستابوو، رایگەیاند، ئەوان ئێستا لە چاوەڕوانییەکی سەختدان، "بە دۆزینەوەی ئەو تەرمە و جلوبەرگ و پێڵاوەکە، ئێستا چاوەڕێی دەزگا ئەمنییەکان و دادپزیشکیی سلێمانین تاوەکو ئەنجامی کۆتاییمان پێ بدەن، ئەو کاتە بابەتەکە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان روون دەبێتەوە."
"لە جلەکان دڵنیام، بەڵام ئێسکەکان گومانیان لەلا دروست کردووم"
سەبارەت بە چۆنیەتی ناسینەوەی ئەو پاشماوانەی کە دۆزراونەتەوە، باوکی یاد گوتی، "جلەکان و پێڵاوەکە هی ئەون؛ من خۆم بۆم کڕیبوو، بۆیە لێیان دڵنیام."
بەڵام ئەوەی باوکی یادی تووشی گومان کردووە، باری فیزیکیی ئەو ئێسک و پرووسکانەیە کە دۆزراونەتەوە. ئەو بە سەرسوڕمانەوە باسی لەوە کرد، چۆن تەنیا لە ماوەی 15 رۆژدا تەرمەکە تەنیا ئێسکەکانی ماوە، "گومانمان لە ئێسکەکان و کەلـلە سەرەکە هەیە، چونکە هیچ گۆشت و موویەکی پێوە نەماوە. هەر کەسێک بیبینێت باوەڕ ناکات ئەوە هی تەنیا 15 رۆژ بێت؛ وەک ئەوە وایە 5 بۆ 6 ساڵ بێت لەو شوێنە مابێتەوە."
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە بوونی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی دەکەن وەک هۆکارێک بۆ رووداوەکە، سەرباز بە تووندی ئەو زانیارییانەی رەتکردەوە و گوتی، "ئەو هەواڵانەی بە ناڕاستی و دووڕوویی بە ئێوە گەیشتوون، دوورن لە راستییەوە. ئێمە هیچ کێشەیەکی خێزانیمان نەبووە و بە خۆشیی خۆم هاوژین و منداڵەکەم بردبووە ماڵی خەزوورانم."
باوکی یاد هەروەها گلەیی لەو سەرچاوانە کرد کە لە سەرەتای رووداوەکەدا هەواڵی "سەلامەتیی" یادیان بڵاودەکردەوە و گوتی، "ئەو قسانەی دەیانگوت سەلامەتە، جارێکی دیکە دڵیان بریندار کردین. ئێمە تەنیا چاوەڕێی رەحمی خودا و ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەکانین."
سەرباز لە گێڕانەوەی ئەو ساتەدا کە هەواڵی ونبوونی کوڕەکەی پێگەیشتووە، گوتی، ئەو کاتە لە هەولێر خەریکی کاری تەکسی بووە و لە کاژێر 06:30ی ئێوارە تەلەفۆنی بۆ کراوە و هەواڵەکەیان پێداوە. ئاماژەی بەوەش کرد، کوڕەکەی لەگەڵ دوو منداڵی دیکەی خزمەکانیان بووە و ئەوان گوتوویانە یاد لە جادەکە رۆیشتووە و سواری ئۆتۆمبێل بووە.
لەبارەی رێکارە یاساییەکانیش، باوکی یاد ئاشکرای کرد، کوڕی خەزوورێکی بەهۆی بوونی گومانەوە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە، بەڵام "ئێمە وەک ماڵباتی یاد، پێش بڕیاری دەزگا ئەمنییەکان و دادپزیشکی ناکەوین. تاوەکو ئەوان قسەی کۆتایی نەکەن، ئێمە هیچ گومانێکی سەد لە سەد ناخەینە سەر کەس."
یاد، کە تەمەنی سێ ساڵ و نۆ مانگ بوو، تاقانە کوڕی سەرباز بوو لەنێو چوار خوشکدا. باوکی بە خەمێکی قووڵەوە باسی خەسڵەتەکانی کوڕەکەی کرد و گوتی، "دوای 12 ساڵ چاوەڕوانی، خودا پێی بەخشین. منداڵێکی زۆر بێدەنگ و بەستەزمان بوو."
ئێستا کەیسەکە لە قۆناخی پشکنینی DNA دایە لە دادپزیشکی سلێمانی. باوکی یاد دەڵێت، دادپزیشکی داوای پارچەی دیکەی جەستەی کردووەتەوە و تیمەکان بەدوایدا دەگەڕێن. ماڵباتەکە بڕیاریان داوە تاوەکو ئەنجامی پشکنینەکان بە زانستی بۆیان نەسەلمێندرێت، پرسە بۆ کوڕەکەیان دانەنێن.
ئەم دۆسیەیە کە پڕە لە تەمومژ و پرسیار، ئێستا چاوەڕێی وشەی کۆتایی پزیشکی دادوەری و لێکۆڵەرە ئەمنییەکانە تاوەکو پەردە لەسەر نهێنییەکانی پشت بێسەروشوێنبوونی یاد سەرباز لە هەناوی چیاکانی بناری قەندیل لابدەن.


