رووداو دیجیتاڵ
کتێبی "غونچەی بەهارستان" لە ساڵی 1925 لەلایەن حوسێن حوزنی موکریانی، رۆژنامەڤان، مێژوونووس و ئەدیبی ناوداری کورد نووسراوە. لە رێوڕەسمی یادکردنەوەکەدا، چەندین نووسەر و لێکۆڵەر باسیان لە گرنگیی ئەم بەرهەمە و رۆڵی موکریانی لە مێژووی رۆشنبیریی کوردیدا کرد.
د. کوردستان موکریانی، نووسەر و برازای حوسێن حوزنی موکریانی، لەبارەی دیدگای مامەیەوە بۆ خوێندن و چاپەمەنی گوتی: "حوسێن حوزنی موکریانی ئارەزووی دەکرد لە هەر شارێکی کوردستان چاپخانەیەک هەبێت، چونکە پێی وابوو چاپخانە کتێب بەرهەمدەهێنێت، کتێبیش بۆ قوتابخانە پێویستە و لەوێشەوە قوتابی فێری زمانی کوردی دەبێت. ئەو هەموو کارەکانی بە بەرنامە بووە، تاوەکو گەیشتە ئەوەی گۆڤاری"زاری کرمانجی" دەربکات.
ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ یادی 100 ساڵەی دەرچوونی یەکەم ژمارەی گۆڤاری "زاری کرمانجی". د. کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە مامم لە ساڵی 1935 هەوڵیداوە گۆڤارێکی دیکە بەناوی "رووناکی" لە هەولێر دەربکات، بۆ ئەو مەبەستەش چاپخانەیەکی نوێی لە موسڵ کڕیوە و لە هەولێر دایمەزراندووە.
عەبدولرەحمان مەعرووف، نووسەر و بەشداربووی یادەکە، تیشکی خستە سەر دەوڵەمەندیی بەرهەمەکانی ئەو زانایە و رایگەیاند: "کتێبخانەی کوردی ئەگەر بەشێک لەو شتانەی حوزنی موکریانی لێ دەربکەین، ئەو کاتە رەنگە خۆی بە هەژار نیشان بدات."
ئەقیلە رواندزی، نووسەر، حوزنی موکریانی بە "رەمزی پێشکەوتن و شارستانییەت" ناوبرد و گوتی: "ئەو لەو سەردەمەدا لەو شارستانییەتەدا ژیاوە کە ئێستا ئێمە تێیداین. ئەو رواندزی پڕ لە نوور کرد و هیوادارم رۆڵەکانی کوردستان جێگەی ئەو بگرنەوە."
هەروەها رزگار جەباری، نووسەر، ئاماژەی بە کۆششە بەردەوامەکانی ئەو مێژوونووسە کرد و گوتی: "پێم وانییە رۆژێک لە تەمەنی ئەم پیاوە خاڵی بێت لە ئیشکردن، داهێنان و پرۆژەی نوێ."
حوسێن حوزنی موکریانی، یەکێکە لە پێشەنگە هەرە دیارەکانی بواری چاپ و مێژوونووسیی کوردی، کە بە هێنانەناوەوەی چاپخانە و بڵاوکردنەوەی چەندین گۆڤار و کتێب، خزمەتێکی گەورەی بە زمان و مێژووی نەتەوەکەی کردووە.



