رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، لە چەند رێگەیەکی سنووری پارێزگاکە یەکەم و دوایین کامێرای تۆماری تیژڕۆژیی لە خاڵ بۆ خاڵەوە دەبێتە یەک خاڵ. کامێراکانی نێوان کەلار و کفریش لە ئیدارەی گەرمیان بە فەرمی دەکەونە کار.
ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی حوزەیران، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "کاژێر 10:00ـی بەیانی 7ـی ئەم مانگە، کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی بە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگەی (کەلار – کفری) دەکەونە کار و سەرپێچی خێرایی بە فەرمی تۆمار دەکەن".
موقەمان سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خێرایی لە رێگەی کەلار – کفری 100 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا، بەڵام لە گوندەکان دەبێتە 60 کیلۆمەتر و نزیک قەزای رزگاریش بەرزترین خێرایی رێگەپێدراو دەبێتە 80 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا".
هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت: "7ـی ئەم مانگە ئەو کامێرایانەی کە پێشتر لە رێگەی دەرەوەی شار بە سیستمی خاڵ بۆ خاڵ کاریان دەکرد، بەشێکیان دەگۆڕێن بۆ سیستەمی یەک خاڵ".
لەبارەی ئەو کامێرایانەی لە خاڵ بۆ خاڵەوە دەبنە یەک خاڵ، هاتووچۆ دەڵێت: "پێکدێن لە کامێرای یەکەم و کۆتایی رێگەکانی تاسڵووجە - دووکان و بە پێچەوانەوە، کامێرای یەکەم و کۆتایی تاسڵوجە – چەمچەماڵ و بە پێچەوانەوە. کامێرای یەکەم و کۆتایی رێگەی هوانە – زەڕایەن و بەپێچەوانەوە. کامێرای یەکەم و کۆتایی رێگەی عەربەت - پارێزگای هەڵەبجە و پێنجوێن و بە پێچەوانەوە و کامێرای یەکەم و کۆتایی کەلار – کفری بە پێچەوانەوە".
ئەفسەرێکی هاتووچۆی سلێمانی بە رووداوی گوت: "پێشتر کامێراکانی خاڵ بۆ خاڵ کامێرای یەکەمیان تەنیا کاتی چوونەژوورەوەی ئۆتۆمبێلی دیاری دەکرد و سزای نەدەژمارد، ئەوەش هۆکار بوو هەندێک ئۆتۆمبێل بە خێراییەکی زۆر لە کامێرای یەکەم بدەن و دواتر لە بازگەیەک دەوەستان قەرەبووی کاتەکەیان دەکردەوە و کامێرای دووەم سزاکەی هەژمار نەدەکرد".
بەگوتەی ئەو ئەفسەرە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رەزامەندی دەربڕیوە، کە هەموو کامێراکانی هاتووچۆی خاڵ بۆ خاڵ یەکەم کامێرایان خێرایی زیاتر لە کاتی رێگەپیدراو وەکو کامێرای جێگیر بە سەرپێچی تۆمار بکات.
