رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی دەستەی دەستپاکیی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 25-08-2026 دەگاتە هەولێر، لەگەڵ دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و شاندەکەی دەکەین، گفتوگۆ دەکەین لەسەر هاوئاهەنگیی نێوانمان.''
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "کۆبوونەوەکەمان سبەی دەبێ، هاوئاهەنگی دەکەین لە پرسی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.''
رووداو زانیویەتی دەستەی دەستپاکی عێراق پلانیان هەیە لەگەڵ وەزیری نێوخۆی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە.
بڕیارە هەردوو دەستەکە، ئەنجامی گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رابگەیێنن.
حکومەتی عێراق کۆتایی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ، لە چەندین پارێزگای عێراق دەستی بە هەڵمەتێکی فراوان کرد، ئامانجەکە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی بوو، هەڵمەتەکە لەسەر بنەمای دانپێدانەکانی عەدنان جومەیلی بوو، جومەیلی کە بریکاری وەزارەتی نەوت بوو لە ئایاری ئەمساڵ دەستگیرکرا.




