رووداو دیجیتاڵ
دوای کۆتاییهاتنی رێورەسمەکانی تایبەت بە یادی لەدایکبوونی محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) لە شاری هەولێر، بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکەکان رایگەیاند، بڕی چوار تۆن زبڵ و خاشاک لە پارکی شار کۆکرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 25ی ئابی 2026، دەیان هەزار هاونیشتمانی بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکانی تایبەت بە یادی لەدایکبوونی محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) روویان لە نزیک قەڵات و پارکی شار کرد. دواتر، تیمەکانی ئەندازەی پارکەکان هەڵمەتێکی فراوانی خاوێنکردنەوەیان دەستپێکرد.
بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان، لەو هەڵمەتەدا "نزیکەی چوار تۆن خۆڵ و خاشاک کۆکرایەوە".
بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکان دەڵێ، بەهۆی ئەو گوشارە زۆرەی سەر پارکەکەوە "زیانێکی زۆر بە سەوزایی و نافوورەکانی ناو پارکەکەش گەیشتووە."
هەولێر وەک ناوەندی سەرەکیی پیرۆزکردنی ئەم یادە لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەکە دەناسرێ. مێژووی ئەم یادە لە شارەکەدا بۆ ساڵی 1220ی زایینی دەگەڕێتەوە، کاتێک سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبەری، فەرمانڕەوای ئەو کاتی هەولێر بۆ یەکەمجار یادی مەولوودی داهێنا و وەک رێوڕەسمێکی ساڵانە جێگیری کرد کە تێیدا خواردن بەسەر هەژاراندا دابەش دەکرا.
بەپێی ساڵنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 25ی ئاب بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەرەوە، لە سەرجەم دامودەزگاکان پشووی رەسمی بوو.




