رووداو - هەولێر
زەینەب نیاز مستەفا ئەو قوتابییە باڵاپۆشەی لە ماوەی 24 کاژێری رابردوو لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان زۆرترین قسە و باسی لەبارەوە کرا، بۆ رووداو دەڵێت: "هەستێکی ناخۆش بوو منیان خستە ریزی دواوە، بەڵام نامەوێت بەهۆی منەوە کێشە دروستبێت".
زەینەب لە لێدوانێکدا لەبارەی ئەو قسانەی لەبارەیەوە کراوە و کاردانەوەی وەزارەتی پەروەردە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "راستە قسە و باسی زۆر لەبارەی منەوە دەکرێت و ئەوەی لەکاتی راگەیاندی ئەنجامەکانیش روویدا ناخۆش بوو، بەڵام نامەوێت بەهۆی منەوە هیچ کێشەیەک دروستبێت".
زەینەب تەمەنی 18 ساڵە و دەرچووی دواناوەندی ئیسلامییە لە کەلار، خۆی خەڵکی شارۆچکەی گوڵاڵەیە، بەڵام ماوەی حەوت ساڵە لە کەلار نیشتەجێیە و دەشڵێت: "سوپاس بۆ ئەوانەی دیارییان بۆ داناوم، بەڵام ئاواتم ئەوەیە بەشی شەریعە لە گەرمیان بکرێتەوە".
لەبارەی چۆنییەتی خوێندنی لە قۆناخی 12ی ئامادەیی، زەینەب دەڵێت: "دوای نوێژی بەیانی دەمخوێند، من یەکەمی گەرمیان بووم و دووەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش بووم".
دایکی زەینەب ژنی ماڵەوەیە و باوکیشی کاسبە، خاوەنی سێ خوشکە، سەبارەت بەوەی چەند ساڵە نیقاب دەکات گوتی "ئەم پرسیارانە نابێت بکرێت، چونکە وەڵامدانەوەی ئەوەی چەند ساڵە نیقاب دەکەم، وەک خۆدەرخستنی لێدێت".
ئەمە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی لەبارەی قوتابییە باڵاپۆشەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "بردنەدواوەى قوتابییەکە هیچ پەیوەندى بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبووە".
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن



