رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارەکانی تۆڕی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی لە ئامەد لە باکووری کوردستاندا، لە ماوەی یەک ساڵدا سکاڵاکانی تایبەت بە تووندوتیژیی دژی ژنان و پێشێلکردنی مافەکان لە پارێزگای ئامەددا لە پێنج هەزار و 253 حاڵەتەوە بە رێژەی 36% زیادیکردووە و گەیشتووەتە حەوت هەزار و 145 حاڵەت.
پارێزەر زیلان ئەسەن، نوێنەری ناوەندی مافەکانی ژنان لە سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە سەندیکاکەدا راپۆرتی ساڵی 2026ـی تایبەت بە تووندوتیژیی دژی ژنانی راگەیاند.
ئاماری کوشتن، تووندوتیژیی ئابووری و پێشێلکارییەکان
ئەسەن رایگەیاند کە سکاڵاکانی تووندوتیژیی دەروونی بە رێژەی 34.4% و تووندوتیژیی ئابووریش، کە بە گوتەی ئەو رەنگدانەوەی قەیرانی ئابوورییە، بە رێژەی 58.7% زیادیکردووە.
بەپێی راپۆرتەکە، لە یەک ساڵی رابردوودا:
حاڵەتەکانی کوشتنی بەئەنقەست لە چوارەوە بۆ 17 بەرزبووەتەوە، کە دەکاتە رێژەی 325.0%.
هەوڵەکانی کوشتنی بەئەنقەستیش لە 14ـەوە بۆ 18 بە رێژەی 28.6% زیادیکردووە.
پێنج حاڵەتی مردنی گوماناوی تۆمارکراون.
سکاڵاکانی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ لە نۆیەوە بۆ 80 بە رێژەی 788.9% زیادیکردووە.
گوشاری هێزە ئەمنییەکان لە سێیەوە بۆ 22 حاڵەت بە رێژەی 633.3% زیادیکردووە.
حاڵەتەکانی مامەڵەی خراپ لە زینداندا لە چوارەوە بۆ 14 بە رێژەی 250% بەرزبوونەتەوە.
رێگرەکانی گەیشتن بە دادپەروەری و داواکارییەکان
زیلان ئەسەن ئاماژەی بە ئاستەنگەکانی بەردەم ژنانی قوربانیی تووندوتیژی کرد بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و گوتی: "تۆمارنەکردنی سکاڵاکان، ناچارکردن بە ئاشتبوونەوە لەگەڵ تاوانباردا، نەبوونی خزمەتگوزاری بە زمانی دایک و کەموکوڕی لە تۆمارکردنی گوتەکان لە کۆنووسەکاندا، رێگرن لە داواکردنی ماف."
لە کۆتاییشدا داواکارییەکانی تۆڕی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی لە ئامەددا خرانەڕوو، کە داوای گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەی ئیستەنبووڵ، پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە زمانی کوردی لە یەکە گشتییەکانی پاڵپشتی و پەناگەکاندا، کردنەوەی نووسینگەی هاوکاریی یاسایی لە قەزا دوورەکاندا و دانانی پارێزەری بێبەرامبەر بۆ قوربانییانی تووندوتیژی دەکەن.
داواکارییەکانی راپۆرتەکە بۆ گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەی ئیستەنبووڵ و جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 6284 پەیوەستن بەوەی کە تورکیا لە تەممووزی 2021ـدا بە فەرمی لەو رێککەوتننامەیە (تایبەت بە رێگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ژنان کە لە 2011ـدا واژۆیکردبوو) کشایەوە.
بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتەی تۆڕی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی لە ئامەددا هاوکاتە لەگەڵ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ژنان.
بەپێی ئاماری فەرمی لە سەرتاسەری تورکیادا لە ماوەی 10 مانگی ساڵی 2026ـدا، 245 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژران و 284 ژنیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستدا.
لە ئامەدیشدا حەوت حاڵەتی کوشتنی ژنان و حەوت حاڵەتی مردنی گوماناوی تۆمارکراون



