رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمی کوردێک پۆستی فەرماندەی پۆلیسی کەرکووکی وەرگرت و ئەمڕۆ دەستبەکاربوو.
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، عامر نووری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی فەرمانی وەزاری، عەمید عیماد ئەڵماس حەمید تاڵەبانی پۆستی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کەرکووکی وەرگرت و ئەمڕۆش دەستبەکاربوو.
عەمید عیماد تاڵەبانی شوێنی لیوا فەتاح مەحموود خەفاجی، کە عەرەبە، گرتەوە، دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە بەهۆی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوتەوە لەلایەن عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
عامر نووری ئاماژەی بەوەکرد، دوێنێ عەمید عیماد بەرزنجی، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک، لە شوێنی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە بە وەکالەت بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان راسپێدرابوو؛ بەڵام بە فەرمانی وەزاری، عەمید عیماد ئەڵماس حەمید تاڵەبانی بە فەرمی پۆستی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای کەرکووکی وەرگرت و ئەمڕۆ دەستبەکاربوو.



