رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ هەرسێ فراکسیۆنی یەکگرتوو، کۆمەڵ و رەوتی هەڵوێست بە جیا لەگەڵ سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە و پرسی هەرێمی کوردستانیان لەگەڵ تاوتوێ دەکەن. پەرلەمانتارێکی رەوتی هەڵوێست دەڵێ، هەر سێ فراکسیۆنەکە پڕۆژەیەک پێشکێشی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 3:30ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەرسێ فراکسیۆنی یەکگرتوو، کۆمەڵ و رەوتی هەڵوێست لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە و دوایین پێشهاتەکان و بڕیارەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستانی لەگەڵ تاوتوێ دەکەن."
بەگوتەی موسەننا ئەمین، لە کۆبوونەوەکەدا گوێ لە بۆچوونەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەگرن و هاوکات کۆمەڵێک پێشنیاز و بۆچوونی خۆیان بۆ عەلی زەیدی روون دەکەنەوە و پێشکێشی دەکەن.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەش کرد، هەر ئەمڕۆ کاژێر 6:00ـی ئێوارە هەرسێ فراکسیۆنەکە لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق و دواتریش لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆدەبنەوە، دوای تەواوبوونی زنجیرە کۆبوونەوەکانیش، نێوەڕۆکەکەیان بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە.
هیوا مەلا ئادەم، ئەندامی فراکسیۆنی رەوتی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرسێ فراکسیۆنەکە پرۆژەیەک پێشکێشی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن لەبارەی دۆسیەکانی نەوت، بودجە، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
بەگوتەی پەرلەمانتارەکەی رەوتی هەڵوێست، داوادەکەن کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بە دیالۆگ چارەسەر بکرێت، پەنا نەبرێت بۆ بژارەی سەربازیی، ئەو کێشانەش کاریگەری نەکاتە سەر قوت و بژێوی خەڵک و مووچە فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.



