رووداو دیجیتاڵ
هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، هەشت کۆچبەری دیکەی هەرێمی کوردستان دۆزرانەوە کە بەشێوەیەکی نایاسایی چوونەتە ئەو وڵاتە.
رۆژی چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەحمەد سەحاف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو هەشت کۆچبەرە خەڵکی هەرێمی کوردستانن و پێشتر بەشێوەیەکی نایاسایی چوونەتە سنووری لیبیا."
ئەو کۆچبەرانە لەلایەن باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا مامەڵەی فەرمی و بەڵگەنامەی پێویستیان بۆ دەستەبەردەکرێت و دواتر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنرێنەوە.
ئەحمەد سەحاف رایگەیاند، بە هەوڵی باڵیۆزخانەکەیان ئەو کۆچبەرانە دۆزراونەتەوە و لە بارەگای باڵیۆزخانەکەیاندا میواندارییان کردوون و دەستیانکردووە بە رێکارەکانی سەلماندنی ناسنامە و دەرهێنانی پاسپۆرت بۆیان وەک ئامادەکاری بۆئەوەی بەشێوەی خۆویستانە بیانگەڕێننەوە.
دوایین کاروانی کۆچبەرانی هەرێمی کوردستان کە لە لیبیاوە گەڕێنرابێتنەوە لە 29ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا بوو کە شەش کۆچبەر بوون.
ئەحمەد سەحاف رایگەیاند، هاوئاهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار لە تەرابلوسدا دەکەن بۆئەوەی ئەو هەشت کۆچبەرە بگەڕێنرێنەوە و ئێستا خزمەتگوزاریی مرۆیی و تەندروستییان پێشکێشدەکەن.




