رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، 18 بەرپرسی سەربازی، ئەمنی و کارگێڕی لە کەرکووک و کۆمپانیای نەوتی باکوور دوورخرانەوە و بەشێکیشیان دراونەتە دادگا. بەپێی بەدواداچوونی لیژنەیەکی حکومیش، رۆژانە زیاتر لە 60 هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاخ دەبرێت و بەرهەمهێنانی نەوتیش بۆ نیوە دابەزیوە.
فەرمانەکە دوای لێکۆڵینەوەی لیژنەیەکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دێت کە لە پرسی بەقاچاخبردنی نەوتی کەرکووکی کۆڵیوەتەوە. لیژنەکە بۆی دەرکەوتووە کە جیا لە کونکردنی بۆری و دزینی نەوت لە هەندێک ناوچە، رۆژانە زیاتر لە 60 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی تانکەرەوە بە ناوی پاڵاوتگەکان دەبرێت و بەشێکیشی ئاودیوی ئێران دەکرێت.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، کە بەشداریی لە لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەرپرسە دوورخراوەکاندا کردووە، ئاماژە بەوە دەکات کە بەرپرسەکان خۆیان دانیان بە بوونی قاچاخدا ناوە و ئەگەر دەستیشیان لە بردنی نەوتەکەدا نەبووبێت، بەهۆی کەمتەرخەمییەوە سزادراون.
مازن غەریب لەبارەی رێکارەکانەوە دەڵێت: هەندێکیان تەنیا دوورخستنەوەیە، هەندێکی دیکەشیان دەستیان تێدا هەبووە و بۆ لێکۆڵینەوە دەبرێن. بەڵام هەندێک بەرپرسی دیکە، بۆ نموونە بەڕێوەبەرانی ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری کە تازە دەستبەکاربوون، تەنیا ئاگادارکردنەوەیان بۆ رۆیشتووە؛ لەگەڵ ئەوەشدا لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن و تەنیا بە دوورخستنەوە تەواو نابن.
دوای دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسانە، لیژنەیەکی دیکە لە بەغداوە گەیشتووەتە کەرکووک بە مەبەستی رێکخستنەوەی میکانیزمی کارکردنی دامەزراوە نەوتییەکان.
ئەندازیار سیروان مستەفا، سەرۆکی جیۆلۆجیی پێشکەوتوو لە کۆمپانیای نەوتی باکوور باس لەوە دەکات کە زۆریی رۆتین وایکردبوو هیچ گرێبەستێک بۆ پێشخستنی کەرتی نەوت سەرکەوتوو نەبێت و دەڵێت: ئەو گرێبەستانەی رێگرییان لەپشتەوە بووە، بەدڵنیاییەوە گەندەڵیی گەورەیان تێدا هەبووە. ئەم هەڵمەتەی ئێستاش کە سەرۆک زەیدی دەستیپێکردووە و کۆمەڵێک بەرپرسی گرتووەتەوە، وەڵامی قسەکانمانە کە گەندەڵییەکی گەورە و بەربڵاو لەنێو ئەم ئیدارەیە و جومگەکانی کۆمپانیای نەوتدا هەیە، بۆیە تووشی ئیفلیجی بووە.
بەپێی راپۆرتەکانی هەواڵگری و بەدواداچوونی تەکنیکی لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، بەهۆی بوونی گەندەڵی و نەبوونی چاکسازی لە دامەزراوە نەوتییەکاندا، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە 600 هەزار بەرمیلەوە بۆ 300 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزیوە.




