رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر بە دروشمی (با هیچ منداڵێک بێ درێس نەمێنێتەوە) کەمپینێکی بۆ گەیاندنی درێسی یانەکە بە منداڵانی 7 پارێزگای باکووری کوردستان راگەیاند و بۆ ئەو مەبەستەش بارهەڵگری فرۆشگای گەڕۆکی یانەکەی لە ئامەدەوە بەرێکرد.
یانەی ئامەدسپۆر لە هەژمارە فەرمییەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە کە نابێت هیچ منداڵێک بەهۆی نەبوونی دەرفەتەوە لە درێسی ئەو یانەیە بێبەش بێت کە خۆشی دەوێ.
ئامانجی کەمپینەکە گەیاندنی درێسی ئامەدسپۆرە بە منداڵان لە پارێزگاکانی وان، ئاگری، جۆلەمێرگ، شرنەخ، ئێلیهـ، ئامەد و مێردین، کە لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا ئاماژە بە ژمارەی تابلۆی ئەو 7 پارێزگایەش کراوە.
ئامەدسپۆر بانگەوازی لە هاندەرانی کردووە کە لە رێگەی کڕینی درێسەوە بە ئۆنلاین لە (ئامەدستۆر) پشتیوانیی کەمپینەکە بکەن و دەڵێ، بە کڕینی درێسێک دەتوانرێ بەشداری لە بەدیهێنانی خەونی منداڵێکدا بکرێ.
ئەم هەڵمەتە یانەی ئامەدسپۆر لە کاتێکدایە، یانەکە لە وەرزی 2026-2027ـدا لە خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ) یاری دەکات و پێگەیەکی فراوانی جەماوەریی لە سەرانسەری پارێزگاکانی باکووری کوردستاندا هەیە.
یانەکە لە رێگەی پڕۆژەی فرۆشگای گەڕۆک و کەمپینە جیاوازەکانەوە هەوڵ دەدات درێسە فەرمییەکانی بگەیێنێتە هاندەران و منداڵانی ئەو پارێزگایانەی بنکەی فەرمیی فرۆشتنیان تێدا نییە یان دۆخی داراییان یارمەتیدەر نییە.



