رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل لە رێگەی سەرەکیی سنووری سێرو لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو هاونیشتمانیی خەڵکی باکووری کوردستان و هاونیشتمانییەکی خەڵکی ورمێ گیانیان لەدەستدا و 8 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026، هاونیشتمانییەک لە سنووری سێرو بە رووداوی گوت: "رووداوەکە دەوروبەری کاژێر 8:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ لە نێوان ئۆتۆمبێل لە رێگەی سەرەکی سنووری سێرو روویدا."
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، بەهۆی تووندیی پێکدادانەکەوە دوو سەرنشینی بە ناوەکانی (ئەمین دیلبیلەر و ئیسكان دومان) یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان کە خەڵکی باکووری کوردستان بوون، دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا.

وێنەی ئەو دوو هاونیشتمانییەی لە رووداوەکە گیانیان لەدەستدا
هاونیشتمانییەکە گوتیشی، شوفێری ئۆتۆمبێلی دووەم کە خەڵکی گوندی ملونی ورمێیە، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
هاونیشتمانییەکە ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووداوەکەدا 7 کەس برینداربوون کە بەشێکیان تەندروستییان باش نییە.
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی خراپیی رێگەوبان و نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی و تووندوتۆڵی لە بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکان دەبنە قوربانی.
بەپێی ئاماری فەرمیی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-3-2025 تاوەکو 21-3-2026، 19 هەزار و 540 کەس بە رووداوی هاتووچۆ لەو وڵاتە گیانیان لەدەستدابوو.




