رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی بەدواداچوونێکی رووداو، لە رەشنووسی بودجەی عێراق (2027) هەرێمی کوردستان زیاتر لەوە رادەست دەکات کە وەریدەگرێت. لە رەشنووسەکەدا ژمارەی فەرمانبەران بە 775 هەزار و 863 کەس نووسراون، بۆ هەموویان 10 تریلیۆن و 210 ملیار دینار دانراوە، بەگوێرەی ئەم دانانە و ئەوەی کە ئێستا هەیە کە مووچەی مانگانە نزیکەی یەک ترلیۆن دینارە، ئەو بڕە پارەیە بەشی 10 مووچەی ساڵی داهاتوو دەکات، بەڵام بە کۆمەڵێک مەرجەوە.
بەپێی بەشی تایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خشتەی خەرجییەکانی بوجە، کۆی گشتیی خەرجیی تەرخانکراو بۆ هەرێمی کوردستان 12 تریلیۆن و 859 ملیار و 389 ملیۆن دینارە، جگە لەو 10 تریلیۆنەی مووچە، دوو تریلیۆن دینار بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتی و زیاتر لە 498 ملیار دیناریشی بۆ خەرجیی وەبەرهێنان دانراوە، لەگەڵ پێداویستیی لۆجیستی، خزمەتگوزاری، چاککردنەوە و بەخشینەکان.
جگە لەو بڕە، لە خەرجییە حاکیمەکانی عێراقدا کە کۆی گشتییان 9 تریلیۆن و 947 ملیار و 323 ملیۆن دینارە، هەرێمی کوردستان بە رێژەی 12.7% بڕی 1 تریلیۆن و 263 ملیار و 310 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە.
ئەو پارەیەش بەسەر کۆبۆنی خۆراک (579.4 ملیار دینار)، پاڵپشتیی کڕینی گەنمی جووتیاران (537.8 ملیار دینار)، دەرمان و پێداویستیی پزیشکی (129.2 ملیار دینار)، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان (10.55 ملیار دینار) و کێشەکانی موڵکداری بە بڕی (6.35 ملیار دینار) دابەش کراوە.
ئەو بڕە پارەیەی کە دەبێت هەرێمی کوردستان رادەستی بکات، 17 ترلیۆن و 396 ملیار دینارە و بەم شێوەیە لێی وەردەگیرێت:
لە دۆسیەی نەوت و داهاتەکاندا رۆژانە لانیکەم 445 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە بکات یان بیداتە وەزارەتی نەوت.
لە خشتەی داهاتەکاندا نەوتی هەرێمی کوردستان بە نرخی 58 دۆلار و 1,500 دینار بۆ هەر دۆلارێک هەژمار کراوە، ئەوەش جارانی 365 رۆژ دەکرێت و ئەو 445 هەزار بەرمیلە رۆژانەیە، پارەکەی دەکاتە 14 ترلیۆن و 130 ملیار و 975 هەزار دینار، گازی زیادەش ئەگەر بە یەک تریلیۆن دینار بخەمڵێندرێت. ئەوە بە هەردووکیان زیاترە لە 15 ترلیۆن دینار.
هاوکات هەرێمی کوردستان پابەند کراوە بە رادەستکردنی تەواوی داهاتە نانەوتییەکان بە هاوئاهەنگیی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان وەک مەرجێک بۆ ناردنی بەشەبودجە. داهاتی نانەوتی یەک تریلیۆن و 440 ملیار دینار، بەگوێرەی ئەوەی مانگانە 120 ملیار دینار دانراوە.
هەروەها یەکلاکردنەوەی نۆ تریلیۆن و 329 ملیار دینار شایستەی ساڵانی 2004 تاوەکو 2026 و بڕینی 3 تریلیۆن و 446 ملیار دینار قەرزی بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) لە ماوەی 7 ساڵدا دانراون، قەرزی تی بی ئای و پاکتاوی شایستە داراییەکان ساڵانە ترلیۆنێک و 825 ملیار دیناری بۆ دانراوە.
پشکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بودجە
خشتەی هێزی کاری رەشنووسی بودجەی 2027ـی عێراق ژمارەی فەرمیی میلاک و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی بە تەواوی ئاشکرا کرد، کە کۆی گشتییان دەگاتە سەرووی 775 هەزار کەس.
بەپێی خشتەی (ج)ـی تایبەت بە هێزی کاری وەزارەت و فەرمانگە تەمویلکراوەکانی ناوەندی لە رەشنووسی بودجەی 2027، پشکی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دابەشکراوە:
ژمارەی فەرمانبەرانی میلاکی هەمیشەیی گەیشتووەتە 696 هەزار و 668 فەرمانبەر. هاوکات ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان بە 75 هەزار و 473 گرێبەست دیاریکراوە، لەگەڵ 3 هەزار و 723 کرێکاری رۆژانە.
بەم پێیەش، کۆی گشتیی هێزی کار و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە لەنێو خشتە فەرمییەکانی بودجەی 2027ـدا جێگیر کراون، دەگاتە 775 هەزار و 863 کەس.
ئەم ئامارە لە کاتێکدایە کە بەراورد بە خشتەی هێزی کاری ساڵی 2023 کە کۆی گشتییەکەی 658 هەزار و 189 پلە بوو، ژمارەی مووچەخۆران لە بودجەی نوێدا بە بڕی 117 هەزار و 674 کەس زیادیکردووە، بەتایبەت بەهۆی جیاکردنەوە و زیادکردنی پشکی گرێبەستەکان لە خشتە فەرمییەکەدا.
بڕگەی دووەمی مادەی 11، راستەوخۆ ناوی هەرێمی کوردستانی هێناوە و لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و پارێزگاکاندا پابەندی دەکات بە راگرتنی هەموو جۆرە دامەزراندنێک، چ بە میلاکی هەمیشەیی بێت، چ بە گرێبەست یان بە کرێی رۆژانە، تەنانەت لە فەرمانگە خۆبژێوەکان و کۆمپانیا گشتییە قازانجکەر و زیانلێکەوتووەکانیشدا. هاوکات هەر پلەیەکی وەزیفی بەهۆی خانەنشینی، گواستنەوە، دەستلەکارکێشانەوە یان مردنەوە چۆڵ ببێت، دەبێت بسڕدرێتەوە و پڕنەکرێتەوە.
بەڵام لە بڕگەی سێیەمی هەمان مادەدا، 3 رێگە بەدەر کراون کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەند دەکەن بە دابینکردنی پلە و پارەیان.
یەکەم: بەهەمیشەییکردنی گرێبەستە بەردەوامەکان.
دووەم: بەهەمیشەییکردنی کرێکارانی رۆژانەی خاوەن خزمەتی سەرووی 3 ساڵ، دوای ئەوەی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دەستەکان وردبینی و بەراوردکاریی وەزیفییان بۆ دەکات.
لە دەقی هەردوو بڕگەی (أ و ب)ـدا تەنیا ناوی وەزارەت و دەستەکان هێنراوە و وەک بڕگەی دووەم بە راشکاوی ناوی هەرێمی کوردستان نەنووسراوە.
سێیەم: بڕگەی ج، دەرفەتە سەرەکییەکەی تێدایە، بودجە رێگە دەدات بە بەستنی 120 هەزار گرێبەستی نوێ، کە 50 هەزار گرێبەستیان بۆ وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری و دژەتیرۆر دەبێت و 70 هەزار گرێبەستی مەدەنییش بە روونی بەپێی رێژەی دانیشتووان بەسەر هەرێمی کوردستان و پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن، بە گوێرەی ئەو پلانەی ئەنجوومەنی وەزیران دایدەنێت.
سەرباری ئەمانەش، مادەی 11 گواستنەوە و تەنسیب بۆ 3 سەرۆکایەتییەکە و وەزارەتەکانی نەوت، دارایی، بەرگری، پەروەردە، خوێندنی باڵا و دەرەوە رادەگرێت، هەروەها ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی رادەسپێرێت بۆ دابەشکردنەوەی فەرمانبەر و گرێبەستە زیادەکان.
لە کۆتایی مادەکەشدا وەزارەتی دارایی پابەند کراوە بە دروستکردنی پلەی وەزیفی بۆ گەڕاندنەوەی وەزیران، پەرلەمانتاران، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان بۆ سەر کارەکانی پێشوویان، ئەگەر داوای گەڕانەوە بکەن.



