رووداو دیجیتاڵ
دەزگەی دژەتیرۆری عێراق، لە سنووری ناحیەی پردێی پارێزگای کەرکووک، دەستیان بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنیی شاردراوەی داعش دا گرتووە.
رۆژی یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی2026، دەزگەی دژەتیرۆری عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێزەکانیان لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری، ماوەی دوو رۆژ ئۆپەراسیۆنێکی پشکنینیان ئەنجامداوە، چەند حەشارگەیەکی پاشماوەکانی چەکدارانی داعشیان لە ناحیەی پردێی سەر بە قەزای دووبز لە پارێزگای کەرکووک دۆزیوەتەوە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیی جۆراوجۆردا گیراوە، لەنێو ئەو حەشارگانەدا شاردرابوونەوە.
دەزگەی دژەتیرۆری عێراق راشیگەیاند: "هێزەکانمان بەردەوام دەبن لە راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش و پشکنینی حەشارگەکانیان، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات و هاووڵاتییان".

ناحیەی پردێ و دەوروبەری قەزای دووبزی پارێزگای کەرکووک، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و هەبوونی دۆڵ و ناوچەی سەخت، ناوەناوە وەک حەشارگە لەلایەن شانە نووستووەکان و پاشماوەکانی داعشەوە بەکاردەهێنرێن و چەندین گەنجی گوندەکانی ئەو سنوورەیان رفاندووە.
شەوی 13ـی تشرینی دووەمی 2026، رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەنێوان سوپای عێراق و چەکدارانی داعش روویدا، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا، سێ چەکداری تیرۆریست کوژراون و کەسێكیش هاوکاریان بووە لە گواستنەوەیان، دەستگیرکراوە.



