رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بازرگانی و دانەوێڵەی دهۆک دەڵێ، بڕی 19 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی دهۆک گەیشتووە و ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
رۆژی یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانى و دانەوێڵەی پارێزگاى دهۆک بە رووداوی راگەیاند: "پارەی گەنمی جوتیارانی دهۆک کە بڕەکەی 19 ملیار و 876 ملیار دینارە گەیشتووە و ئەمڕۆ بەسەر جووتیارانی پارێزگاکەدا دابەش دەکرێت."
نازم محەممەد گوتی، "پارەکە بە شێوەی کاش دابەش دەکرێت و جووتیارانی دهۆک دەتوانن ئەمڕۆ سەردانی بانکی بازرگانیی عێراق لقەکانی هەولێر - موسڵ بکەن و شایستەکانیان وەربگرن."
بە گوتەی بەرێوەبەری گشتیی بازرگانی و دانەوێڵەی دهۆک، "ئەمە وەجبەی دووەمی پارەی گەنمی جووتیارانە و پێشتریش 4 ملیار و 782 ملیۆن دینار دابەشکراوە."
رۆژی دووشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: " زیاتر لە 63 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیاران گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان".
بڕی پارەکە 20 ملیار و 921 ملیۆن دیناری بۆ جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر، 22 ملیار و 605 ملیۆن دینار بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی نێردراوە و جووتیارانی هەڵەبجەش لەو پشکە وەردەگرن، هەروەها 19 ملیار و 876 ملیۆن دینار وەکو پشکی جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک نێردراوە.



