رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی داوا دەکات هەموو لایەنەکان دەست لەنێو دەست بن بۆ باشکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان؛ لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتیش دەڵێ، هەرچەند کۆبوونەوە بکرێ باشترە، چونکە لە یەکدی تێدەگەن و پەیامەکان بە یەکدی دەگەیێنین.
ئەمڕۆ هەینی 20-11-2026 عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی و دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ باشکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و دۆخی هەرێمی کوردستان، عیماد ئەحمەد گوتی: "چەند لەنێو ماڵی خۆمان رێک، یەکگرتوو، یەکدەست و یەکهەڵوێست بین، هێندە بەهێزتر دەبین و هێندەش زیاتر دەتوانین خزمەتی میللەتەکەی خۆمان بکەین."
سەبارەت بەوەی ئایا هیچ ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە نێوان یەکێتی و پارتی کراوە، ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی: "هەرچەند کۆبوونەوە بکرێ باشترە، چونکە لە یەکدی تێدەگەین و پەیامەکانی خۆمان بە یەکدی دەگەیێنین."
عیماد ئەحمەد جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو لایەک کار بۆ خزمەتکردنی خەڵک بکەن و گوتی: "دەبێ هەموومان هەوڵ بدەین بۆ سەقامگیری و ژیانێکی باشتر لە وڵاتەکەمان تاوەکو خەڵک بە ئاسوودەیی زیاتر بژیت. بە راستی ئامانج و هیوا و ئومێدی ئێمە ئەوە بووە کە خزمەتی میللەتەکەمان بکەین."
ئەو بەرپرسەی یەکێتی گوتی: "ئێستا قەیرانێک هەیە و ئەو قەیرانەش بە هەموومان چارەسەر دەکرێ. دەبێت دەست لەنێو دەست بین بۆ چاککردنی دۆخەکە و میللەتەکەمان لەم قەیرانە رزگار بکەین."
ئەم لێدوانەی عیماد ئەحمەد لە کاتێکدایە، پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر چەندین پرس باش نییە و ئێستاش هەوڵێک بۆ کۆبوونەوەیان هەیە.


