رووداو دیجیتاڵ
عیزەت شابەندەر، سیاسەتڤانی نێوداری شیعەی عێراق دەڵێت: رێککەوتنێک لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا هەیە بۆ چەکداماڵینی حیزبوڵڵا بە سێ قۆناخ. لە هەمانکات دا پێیوایە "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" کە بە ناوەندی بڕیاری لایەنە شیعەکان دادەنرێت بە ئیفلیج ناودەبات و دەڵێ "ئێستا هاوئاهەنگیی لەگەڵ خودی خۆشیدا لەدەستداوە".
عیزەت شابەندەر، سیاسەتڤانی عێراقی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا رەخنەی لە دەستوەردانی هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی گرت لە کاروباری عێراق دا و رایگەیاند هەردووکیان دەست بۆ سەروەریی عێراق دەبەن، هاوکات پێیوایە هەڕەشە و تویتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی بەربژێری شیعەکان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و هەڕەشەکانی دیکەی "لە بەرژەوەندیی ئێران دا دەشکێنەوە".
لەبارەی دۆخی حکومڕانی و پێکهاتەکان، شابەندەر باسی لەوە کرد کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران خۆی داوای ئەو پۆستەی نەکرد و لایەنەکانیش ئەو پشتیوانەیەیان نەکردووە کە بەڵێنیان پێدابوو.
لەبارەی ناکۆکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەو هەوڵانەی باس دەکرێن بۆ دروستکردنی "هەرێمی سلێمانی"، شابەندەر گوتی "پێموایە بەغدا بەسەر دوو ئاراستەدا دابەشبووە. ئاراستەیەک پێی رازی نییە و ئاراستەیەک هەیە لەوانەیە ئێستا زەوینەسازی بکات، نەک هەر تەنیا پێی رازییە، بەڵکو ئاراستەیەک هەیە خۆی زەوینەسازی بۆ دەکات و جموجۆڵ دەکات بەرەو ئەوەی دوو هەرێمی کوردی هەبن".
هەروەها دەڵێ پێیوایە هەندێ سەرکردەی کورد لێناگەڕێن ئەو لێکترازنە "بەوشێوەیە دروستببێ کە گوێمان لێدەبێت"، هەروەها دەڵێ پێیوایە هەولێر و خەڵکی سلێمانی پێش هەولێر دژی ئەو لێکترازنە دەوستنەوە " بەغدا بەسەر دوو ئاراستەدا دابەشبووە؛ ئاراستەیەک رەتیدەکاتەوە و ئاراستەیەکی دیکە زەوینەسازیی بۆ دەکات، بەڵام پێیوایە هەولێر دەستبەرداری یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان نابێت و گەشبینیشە بەوەی دانایی سەرکردەکانی کورد و شەقامی سلێمانی رێگریی لەو دابەشبوونە دەکەن، بەڵام "راشکاو دەبم، پێشبینیی ئەوە دەکەم کە ئاواتی پێ ناخوازم".
دەقی هەڤپەیڤینەکەی عیزەت شابەندەر، سیاسەتڤانی عێراقی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دا:
رووداو: یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی ئێستا لە عێراق، بابەتی جورف سەخرە، دەوڵەت یان نادەوڵەت؛ واتە جورف سەخر ناوچەیەکی عێراقییە، رەنگە شتێکی نامۆبێت کە بپرسین بۆچی گەڕانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ ناوچەیەکی عێراقی بووەتە بابەتی دانوستاندنی سیاسی لەگەڵ گرووپێکی چەکداردا؟
عیزەت شابەندەر: لە راستی دا ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، مێژووی ئەم ناوچەیە و ئەو گرووپانەن کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ و کاریگەر بەشدارییان کرد لە گۆڕینی ئەو دۆخە مەترسیدارەی کە ئەو ناوچەیە لە ساڵی ٢٠١٤دا تێیدا دەژیا.
نزیکەی 70٪ بۆ 80٪ی ئەو ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوانەی دەهاتنە بەغدا، لە جورف سەخرەوە دەهاتن، هەروەها لەو ساڵانەدا سەتان زیارەتکار سەربڕدران یان کوژران، چونکە ئەم شوێنە وەکو خاڵێکی پشکنین بوو لەسەر رێگەی بەغدا – کەربەلا – نەجەف؛ بۆیە بەداخەوە سەتان زیارەتکاری مەزارگە پیرۆزەکان بوونە قوربانیی ئەم دۆخە.
کاتێکیش سوپای عێراق هەوڵیدا بچێتە نێو ئەم ناوچەیەوە، ناوچەیەکی تاوەکو ئەوپەڕی سنوور مەترسیدار و سەخت بوو، بۆیە ئەو گرووپانەی لەوکاتدا بەدەنگ فەتوای مەرجەعییەتەوە چوون بۆ جیهادی پیرۆز و تێکۆشان دژی تیرۆر و تیرۆریستان، بەرپەرچی دۆخی سەپێندراویان دایەوە لەو ناوچەیەدا. لەوانەیە ئەوانەی ناویان «کەتیبەکانی حیزبوڵڵا»یە، گەورەترین رۆڵیان لە رزگارکردنەکەیدا هەبووبێت، کاتێکیش چوونە نێو ئەم ناوچەیەوە کە من خۆم پێشتر سەردانی ناوچەکەم کردووەو شتی وام تێدا بینی کە عەقڵ تووشی سەرسووڕمان دەکات، لە خەندەق و تونێل و باخ و مۆڵگەکان؛ لە راستی دا شتێک بوو کە پێشبینیکراو نەبوو.
بۆیە دەڵێم؛ ئەمە مێژووی ئەم ناوچەیەیە و هیچ حکومەتێکیش نەهاتووە دانوستاندن لەگەڵ ئەو کەتیبانەدا بکات کە بەشێوەیەکی نیمچە تەواو دەستیان بەسەردا گرتووە، وەک ئەوەی پارچەیەکی دەرەوەی عێراق بێت کە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا حوکمی دەکەن، هیچ رژدییەک لەلایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانەوە نەبووە بۆ دانوستاندن لەبارەی ئەگەری دەرچوون لەم ناوچەیە یان لەبارەی ئەگەری هاوئاهەنگی لەبارەی سەرکردایەتیکردن یان بەڕێوەبردنی دا.
ئەمڕۆ لەم کەشوهەوایەدا، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە کەسی سەرۆکەکەی و بە کەسی نێردە و نوێنەرەکەیەوە رووبەڕووی بووەتەوە و چووەتە ئاستی دەستوەردانی ئاشکرا لە کاروباری عێراق دا، بە بۆچوونی من ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیادەڕۆیی کردووە لە داڕشتنی تەنانەت وردەکارییەکانی دیموکراسی و ئەنجامەکانیشی لە عێراق دا؛ لە کەشوهەوایەکی لەم جۆرەدا ناتوانرێت هەنگاوی دانوستاندن لەگەڵ ئەو گرووپانەی کۆنترۆڵی ئەم ناوچەیە دەکەن بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازی لێبکرێت یان لە کەشێکی ئەرێنیدا بێت و نیازپاکی و بەرژەوەندیی عێراقی تێدا زاڵ بێت.
واتە کاتێک ترەمپ تەنیا بە یەک تویت دەستوەردان دەکات و بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ سەرۆکایەتی وەزیران لادەدات. کاتێک ترەمپ دەستوەردان دەکات لە دیاریکردنی ئەو کەسەی دەکرێت بۆ سەرۆکایەتیی وەزیران بەربژێر بکرێت، یان هەڕەشەی سزادان لە عێراق دەکات و، ئەمە بە ئاسایی تێدەپەڕێت وەک ئەوەی دەستوەردان نەبێت لە کاروباری ناوخۆیی عێراق دا.
بە کورتی دووبارەی دەکەمەوە کۆنترۆڵکردنی هەر ناوچەیەک لە ناوچەکانی عێراق لەلایەن هەر گرووپێکی ناحکومییەوە، لە راستی دا ئەوە کەموکوڕییە ئینجا هەرچییەک بێت، مێژووی ئەم کۆنترۆڵکردنە هەرچییەک بووبێت؛ بەڵام دەبێت بخرێتە ژێر باری دانوستاندنەوە نەوەک هەڕەشەکردن بە شەڕ.
لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تاوەکو ئەمڕۆ واتە نزیکەی ١٢ ساڵە ئێمە لەسەر ئەم بابەتە بێدەنگین و لەناکاو هەنگاوی رژد(جدی) لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەنرێت، بەڵام ئەم هەنگاوانە هاوکاتن لەگەڵ دەستوەردانی ئاشکرای ئەمریکا لە کاروباری عێراق دا، من پێموایە کەشەکە خزمەتی رێکخستنەوەی دۆخی جورف سەخر ناکات بە شێوەیەکی ئاشتیانە و سەلامەت.
پێویستمان بەوەیە کەمێک پەلە نەکەین و تێبگەین و لێکتێگەیشتن بکەین لەسەر ئەوەی کە ئەم شوێنە عێراقییە و لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراقدایە، ئەوەی پێویستە لەسەر ئەو لایەنەی کە داگیری کردووە و کۆنترۆڵی کردووە و ئەو شتانە بەکاردەهێنێ کە لەو ناوچەیەدان، کارێکی ناشەرعی و نافەرمییە.
ئەوەی هیوای بۆ دەخوازم لە حکومەت و لەو گرووپانەش کە کۆنترۆڵی ناوچەی جورف سەخریان کردووە، ئەوەیە کە پەلە نەکەن لە هەڕەشە و گوڕەشە و رووبەڕووبوونەوە و چەک، من ئەم بابەتە ئەمڕۆ وەک ناوچەیەکی لاواز و ئاسان دەبینم کە هیوا دەداتە زۆر لە سەرکردەکان یان ئەو لایەنانەی کە تەڵەیان داناوەتەوە بۆ یەکپارچەیی عێراق و لەوانەیە دەستوەردان بکەن یان لە راستی دا بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستوەردان دەکەن بۆ ورووژاندنی ئەوەی کە دەبێتە هۆی شەڕێکی ناوخۆیی شیعە – شیعە، ئەمە ئەگەر خوانەخواستە رووبدات، زۆر مەترسیدارترە لە بوونی گرووپێکی عێراقیی ناسراو کە مێژوو و جوگرافیای خۆی هەیە و کۆنترۆڵی یەکێک لە قەزاکان یان ناوچەکانی عێراقی کردووە. ئێمە ئەمڕۆ لە بەردەم دوو مەترسیداین، بەڵام مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کە بخزێینە نێو شەڕی شیعە – شیعەوە؛ بوونی جورف سەخر لە ژێر کۆنترۆڵی کەتیبەکانی حیزبوڵڵادا، ئەمە بابەتێکە ئەگەر ئەمڕۆش نەبێت، سبەینێ چارەسەر دەکرێت.
رووداو: قسەکانت و قووڵبوونەوەت لەم بابەتەدا بەیتە شیعرێکی شاعیر «رەسافی»م بیردەخاتەوە کە دەڵێت: «وإذا المخاطب كان مثلك واعياً / أغنى اختصار القول عن تطويله»، کەواتە ئایا ئێمە باس لە بابەتێکی عێراقی – عێراقی دەکەین، یان جورف سەخر تاوەکو رادەیەک بووەتە بابەتی دووبارە راگرتنی هاوسەنگی، هاوسەنگیی هێز و ستراتیژی و سیاسی لە نێوان ئێران و ئەمریکا تاوەکو رادەیەک دەوڵەتی عێراق بووەتە داشێک لەسەر تەختەی شەترەنجەکەدا، بەڵام کێ کۆنترۆڵی ئەم تەختە شەترەنجە دەکات؟ ئایا باس لە بابەتێکی عێراقی – عێراقی دەکەین یان باسی گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لەنێوان ئەمریکا و ئێران لە جورف سەخر دەکەین؟
عیزەت شابەندەر: بێگومان سیاسەتڤانانی عێراقی هەڵە دەکەن ئەگەر بە ئاراستەی دووەم دا بڕۆن؛ واتە ئەگەر دیدار و دانوستاندن و ناکۆکی یان رێککەوتنیان بە شێوەیەک لە شێوەکان ملکەچ بێت بۆ ململانێ یان کێبڕکێی ئێرانی – ئەمریکی لە گۆڕەپانی عێراق دا.
دەبێ ئەو لایەنانەی کە ئێستا گیرۆدەی پرسی جورف سەخرن، هیواخوازین کە نیشتمانپەروەریی خۆیان بسەلمێنن؛ هیوامان وایە کە بیسەلمێنن ئەوەی لە نێوانیاندایە عێراقی – عێراقییە، نەوەک رەنگدانەوەی ململانێی ئێرانی – ئەمریکی بێت لەسەر گۆڕەپانی عێراق.
من پێشتر چیرۆکێکم باسکردووە کە دەدرێتە پاڵ پێغەمبەر سلێمان و هەندێک جاریش ئیمامی عەلی (سەلامی خوای لەسەر بێت)، چیرۆکەکە دەڵێت کە دوو ژن لەسەر منداڵێک کێبڕکێیان دەکرد و هەر یەکێکیان بانگەشەی دەکرد کە دایکی منداڵەکەیە، کاتێک دادوەرەکە دەستەوەستان مایەوە لە رازیکردنی یەکێکیان بەوەی کە ئەمە منداڵی تۆ نییە و منداڵی ئەوی دیکەیە، بیری کردەوە و گوتی: ئەم منداڵە دەکەمە دوو لەت و بۆ هەر یەکێکیان نیوەیەک، ئیدی یەکێکیان تۆقی و هاواری کرد و گوتی: ئەمە منداڵی من نییە، منداڵی ئەوی دیکەیە، حاکمەکە وەڵامی دایەوە و گوتی: سوێند بە خوا تۆ دایکی منداڵەکەیت.
ئەمڕۆ ئەم ململانێیە لە نێوان حکومەتی عێراقی و گرووپێکی عێراقیش کە چەکدارە لەسەر سەلامەتیی وڵات و سەلامەتیی نیشتمان و بەرژەوەندییەکەی، دەبێت وەک ئەو دوو ژنە نەبن و؛ دایکی منداڵەکە یەکەم کەسە کە هاوار دەکات و یەکەم کەسە کە سازش دەکات، تاوەکو ئەم وڵاتە بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە و لە سەربڕین و خوێنبەربوون بپارێزرێت.
کەواتە رەهەندێکی ئەخلاقی هەیە و جێگەی تاقیکردنەوەیە بۆ دەوڵەت و بۆ گرووپەکەش؛ رەهەندێکی ئەخلاقی کە هیوادارین پێشبڕکێ بکەن لە پێشکێشکردنی بەڵگە لەسەر ئەوەی هەر یەکێکیان بەپەرۆشترە بۆ ئەم وڵاتە و بۆ یەکپارچەیی ئەم وڵاتە.
دەمەوێت دووبارەی بکەمەوە کەسانێک هەن کە لە بۆسەدان بۆ یەکپارچەیی عێراق. بەڕاستی چ عەرەب و کورد، چ سوننە و شیعە، ئەم عێراقە ناشکێت و نابەزێت و پەرتەوازە نابێت و لاواز نابێت، تەنیا لە رێگەی ئەم دابەشکارییە نەگریسەوە نەبێت، عێراق لەسەر بنەمای نەتەوەیی و لەسەر بنەمای تایفی دابەشبکرێت، ئەم دابەشکارییە نابێتە دابەشکاریی دۆستان و نابێتە دابەشکاریی هاوپەیمانان؛ ئەم دابەشکارییە خوانەخواستە ئەگەر بویسترێت رووبدات، بە رژانی خوێنێکی زۆری عێراقییەکان کۆتایی دێت لە هەموو چین و توێژەکانی.
کەسانێک هەن ئەمڕۆ تەڵەیان بۆ بابەتی جورف سەخر ناوەتەوە و هەردوولا دەجوڵێنن و هانی هەر لایەنێک دەدەن کە لە هەڵوێستەکەیدا تووند بێت، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئاماژەی رێککەوتن لە ئاسۆدا دەرکەوتوون، کە کەتیبەکان سوور نین لەسەر بوونیان و سەپاندنی بوونیان لەم ناوچەیەدا و رازیبوون یان قبوڵی دەکەن کە پۆلیسی فیدراڵی بە چەند لیوایەک بچێتە ئەوێ و حەشدی شەعبیش بە هەمان شێوە بە چەند لیوایەک بچێتە ئەوێ و ئەوەی کۆنترۆڵی هاتنەژوورەوە و دەرچوون دەکات، پۆلیسی فیدراڵی و هەروەها لیواکانی حەشدە بە راوێژ لەگەڵ کەتیبەکاندا.
با ئێستا ئەم بابەتە وەک پێشەکییەک بۆ چارەسەر قبووڵ بکەین و پێموایە رۆژگار باشترە چارەیە بۆ ئەوەی هەمووان بەرەو چارەسەرێک ببات کە هەمووان رازی بکات، ئەم پارچەیە با بڵێم ئەوەی بە هۆکارێک یان هۆکارێکی دیکە زەوتکراوە بگەڕێنێتەوە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی عێراق.
رووداو: بەڕێز عیزەت لە بنەمادا ئەمە گفتوگۆیەکی سیاسییە، بەڵام جۆرێک لە دێڕە شیعرێکم بیرکەوتەوە کە باس لە نیشتمانپەروەریی و نیشتمانپەروەران دەکات؛ رەسافی دەڵێت: «هوتافی قەوم بۆ نیشتمان هەڵتنەخەڵەتێنێت، چونکە قەوم لە نهێنیدا جیاوازە لە قەوم لە ئاشکرادا»، ئینجا کێ نیشتمانپەروەرە ئەمەش چیرۆکێکی درێژە، بەڵام زانیارییەکە وردە بەڕێز شابەندەر کە رێککەوتنێک هەیە لەسەر دەرچوونی هێزەکانی حیزبوڵڵا، بەڵام لەگەڵ مانەوەی هەندێک لە سەرکردەکان لە جورف سەخر و دەچنە سنوورەکانی سووریا، ئایا ئەمە راستە؟
عیزەت شابەندەر: بەهیچ شێوەیەک ئەمە راست نییە، نەخێر بە هیچ شێوەیەک نە لە دوورەوە و نە لە نزیکەوە، بەڵام رێککەوتنێک هەیە لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی دا لەسەر پلانێک کە لە حوزەیرانی داهاتوودا (2027) کۆتایی دێت، ئەم پلانە سێ قۆناخە؛ قۆناخی کۆتایی ئەوەیە کە حیزبوڵڵا لە چەکەکەی دابماڵرێت و بگەڕێتەوە یان بچێتە نێو کاری سیاسی یان تێکەڵی حەشدی شەعبی یان هەر شتێکی دیکە بکرێت، بۆیە بابەتی چەکداماڵین، پێموایە بە شێوەیەک لە شێوەکان و بە رێژەیەکی زۆر رێککەوتنی لەسەر کراوە لە رێگەی سێ قۆناخەوە و بە سەرپەرشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەڵام ئەوەی کەتائیب لێرە دەربچن و بیانبەن بۆ سنوورەکان، وێناکردنێکی لەو شێوەیە نییە، بەهیچ شێوەیەک نییە.
رووداو: تۆ رەخنە لە هەردوولا دەگریت، بەڵام پرسیارێک هەیە ئایا هاوتاکردنێکی نادروست نییە لە نێوان حکومەتێک کە هەوڵی جێبەجێکردنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی دەدات و گرووپێکی چەکدار کە ناڕەزایی دەردەبڕێت لەسەر چوونی هێزە حکومییەکان بۆ ناوچەیەکی عێراقی؟
عیزەت شابەندەر: بەڵێ، من رەخنە لە هەردوولا دەگرم و پێموایە شکستەکە لە نەگەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە و دۆستانەدایە، هەردوولا پشکیان بەردەکەوێت، بەڵام من هەردوو لایەن لە شایستەبووندا یەکسان ناکەم، لە زیاتر لە هەڤپەیڤینێک دا گوتوومە کە دەوڵەت لایەنە جێگیرەکەیە لەم هاوکێشەیەدا، بەڵام گرووپەکانی دیکە لایەنە جووڵاوەکانن کە بۆ هۆکارێک دروست دەبن و بۆ هەمان هۆکاریش کۆتاییان دێت، واتە حیزبوڵڵا و ئەوانەی دیکەش بۆ هۆکاری نیشتمانی دامەزران کە بریتی بوو لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئەم نیشتمانە و، کۆتاییەکەشیان دەبێت هەر نیشتمانی بێت؛ ئەگەر بەردەوامبوونیان تێکچوونێک دروست بکات لە سەروەریی دەوڵەت و یەکێتیی وڵات دا، بێگومان دەبێت هەڵبوەشێنەوە و چەکەکانیان رادەست بکەن و بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
من لەڕووی شایستەبوونەوە هەردوولا بە یەکسان دانانێم، بەڵکو لەوەدا یەکسانییان دەکەم کە هەردووکیان سەرنەکەوتن لە گەیشتن بە چارەسەر.
رووداو: بەڵام بانگەوازەکەت بۆ یەکلاییکردنەوەیەک کە رێگری بکات لە پێکدادان، واتە دەوڵەتی عێراقی دەتوانێت لە چی دا سازش بکات لە بەرامبەر ئەم شتەدا؟
عیزەت شابەندەر: هیچ شتێک نییە کە داوا لە حکومەتی عێراقی بکەین سازشی لەسەر بکات بەهیچ شێوەیەک، گفتوگۆکەش هاوسەنگ نییە، واتە لە نێوان دوو لایەنی ناهاوسەنگدایە. بەڵام ئەوەی من بەرپرسیارێتی دەرچوون بە چارەسەرێکی گونجاوی دەخەمە ئەستۆ، دەوڵەتە نەوەک گرووپە چەکدارەکان، دەوڵەت بەتایبەت ئێستا و لەم بارودۆخەدا کە وادیارە ئەمریکا تێیدا کۆنترۆڵی وردەکاریی کاروبارەکان دەکات لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل دا دەوڵەت بەرپرسیارێتی گەیشتن بە ئەنجامێکی باشتر بە رێگەیەکی باشتر هەڵدەگرێت.
واتە کەشوهەواکە ئێستا دڕکاوی و ئاڵۆزە، ئێمە دەزانین کە ئیسرائیل رۆڵی هەیە لەوەی لە ناوچەکەدا روودەدات؛ ئەم هەوڵە بۆ بە ئەهریمەنکردنی ئێران و بڕینی باڵەکانی وەک خۆیان دەڵێن و خنکاندنی بە جۆرێک تەنانەت فڕۆکەخانەکانی وڵاتانیش پێشوازیی لە هیچ فڕۆکەیەک نەکەن و بەڕێی نەکەن کە بۆ ئێران دەچێت یان لێوەی دێت و داخستنی سنوورەکان و دەروازەکان لە نێوان ئێران و عێراق دا؛ ئەم کەشوهەوایە بەرگەی ئەوە ناگرێت کە ئێمە بگەینە ئەنجامێک لەگەڵ هەندێک گرووپ کە من رقم لێیە بڵێم باڵەکانی ئێرانن، بەڵکو راستییەکەی ئەوەیە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیکراون و لەوانەیە ئەم پشتیوانییە لە کاتی خۆیدا پێشوازیی لێکرابێت، کاتێک تیرۆر هێرشیکرد و دوو لەسەر سێی عێراقی داگیرکرد و حکومەتی عێراقی لیستێکی چەکی پێشکێش کرد تاوەکو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بکڕێت و ئەمریکاش دەیگوت بەڵێ ئێمە ئامادەین، بەڵام دوای ساڵێک رادەستتان دەکەین! ئێران بە چەکەوە هات بەبێ بەرامبەر و سوپای عێراق و گرووپە عێراقییەکانی پڕچەک کرد بۆ تێکشکاندنی تیرۆر؛ ئایا من ئەمڕۆ پاداشتی ئێران بەم جۆرە ئەخلاقە بدەمەوە؟ پاکستان دەروازەکانی لەگەڵ ئێران دانەخستووە، تورکیا داینەخستووە، ئەفغانستان داینەخستووە، بۆچی ئەم گۆچانە ئەستوورەی ترەمپ، یان ترەمپ شۆ، بۆچی ئەم گۆچانە ئەستوورە تەنیا بۆ سەر سەری عێراقە؟
رووداو: چونکە عێراق لاوازە بەڕێز شابەندەر، تۆش دەزانیت عێراق لاوازە و سەروەریی عێراق سەروەرییەکەی کەموکورتە، با لەبەرچاوی بینەر واقیعی بین.
عیزەت شابەندەر: دەستت خۆش، بەڵام نامێنێتەوە.. لاواز نامێنێتەوە، لە بەرامبەر ئەم ئیرادە خراپەدا لاواز نامێنێتەوە، بەرامبەر ئیرادەی ترەمپە فەندی. بەڵێ، لاواز نامێنێتەوە، ئەمە لە من وەربگرە و باوەڕم پێبکە. ئەوان بەم رەفتارەیان، واتە ئەمریکییەکان، خزمەتی ئێران دەکەن.. زۆر خزمەتی ئێران دەکەن.
رووداو: باسی ئاشتیی کۆمەڵایەتیت کرد، ئاماژەت بە خزین بەرەو یەکترکوشتن و مەترسییەکانی ئەم هەنگاوە کرد، بەڵام بۆچی سەپاندنی یاسا لە ناوچەیەکی عێراق دا دەبێتە مەترسی لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایتی، لەکاتێکدا بەردەوامبوونی چەک لە دەرەوەی بڕیاری دەوڵەت بە مەترسیی لەسەر خودی دەوڵەت و ئاشتیی کۆمەڵایەتیش نابینرێت؟
عیزەت شابەندەر: من وایدەیبینم کە پێم گوتیت، بوونی چەک لەلای کۆمەڵ و گرووپێک کە ملکەچ نین بۆ دەستوور یان بۆ کۆنترۆڵی حکومەت دیاردەیەکی ناپەسندە و دەبێت کۆتایی بێت؛ قەوارە جێگیرەکە دەوڵەتە، گومانی تێدا نییە، بەڵام دەڵێم بەهۆی پێشهات و ئاڵۆزییەکانەوە، ئاڵۆزییەکانی سەرهەڵدان و ئاڵۆزییەکانی کەشوهەوای ئێستا کە ئەمریکا تێیدا لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل لە هەموو شوێنێک شەڕ دەکات، بابەتەکە جیاوازە؛ واتە دڕکاوی و ئاڵۆز دەبێت و پێویستی بە پلان و پێویستی بە رەچاوکردنە کە چۆن کۆتایی پێ بێنین و چۆن ئەم گرفتە چارەسەر بکەین.
بۆیە با قسەکانم بەوشێوەیە لێکنەدرێنەوە کە ئەو چەکەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتە دیاردەیەکی تەندروستە، نەخێر بەهیچ شێوەیەک، ئەوە دیاردەیەکی ناتەندروستە و دەبێت کۆتایی بێت، بەڵام دەڵێم کۆتاییهێنان بە بڕیار نابێت و بە هەڕەشە نابێت، نەخێر بە هەڕەشە نابێ، کۆتایی ئەم چەکە بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ دەبێت.
رووداو: بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ کێ؟ واتە ئایا حکومەت دەتوانێت سنووردارکردنی چەک و گەڕانەوە بۆ جورف سەخر بسەپێنێت بەبێ سازان یان رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ ئێران بۆ نموونە؟
عیزەت شابەندەر: دەبێ بەبێ ئێران بێت، با راشکاوبم لەگەڵت، واتە ئەو چارەسەرەی کە دەبێت حکومەتی عێراقی پێی بگات، یان ئەو ئەنجامەی کە دەبێ حکومەتی عێراقی پێی بگات، دەبێت بەبێ ئێران پێی بگات؛ هەروەها بەدەمەوەچوونیش نییە بۆ گوشارێکی ئەمریکی، ئەم هاوکێشەیە زۆر گرنگە، کە هەوڵدەدەم لە هەموو بوارەکان دەریببڕم، بەڵام کێشەکە ئەوەیە گوێی عێراقی، یان سیاسی، یان هەندێک لە میدیاییەکان کاتێک دەستوەردانی ئەمریکی سەرکۆنە دەکەم، وا لێکیدەدەنەوە کە من پێشوازیی لە دەستوەردانی ئێرانی دەکەم، کاتێکیش دەستوەردانی ئێرانی سەرکۆنە دەکەم، وەک ئەوەبێت پێشوازیی لە دەستوەردانی ئەمریکی بکەم، مەسەلەکە وانییە! هەردووکیان دەست بۆ سەروەری دەبەن، هەریەکەیان بەشێوەی خۆی و بە شێوازی خۆی، ئەمەش ئێمە لە 2003ـەوە تاوەکو ئێستا راهاتین و زانیمان ئێران چۆن دەستوەردان دەکات و بە هەموو هێزی هەوڵدەدات ئەنجامەکان بەرەو بەرژەوەندیی خۆی ببات، ئەمریکاش چۆن دەستوەردان دەکات؛ بەتایبەتیش دەستوەردانی ئەمریکای ترەمپ، ئۆباما دەستوەردانی لە کاروباری عێراق دا کرد و گەیشتە فۆڕمێکی پەیوەندی لەگەڵ ئێران، هەرچەندە لەسەر حیسابی عێراقیش بوو، بەڵام گەیشتە فۆرمێک. بەڵام ئەم پیاوە سەیر و سەمەرەیە (ترەمپ) کە بووەتە بەڵا بەسەر ئەمریکاوە پێش ئەوەی ببێتە بەڵا بەسەر ئەورووپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، ئەم پیاوە «یان بەشێوەیە یان سزاتان بەسەردا دەسەپێنم»، نە بەڕێز ترەمپ و نە نێردەکەی «تۆم باراک» کە دەستی کردووە بە گۆڕان بەرەو باشتر، چاوەڕێی ئەوە نەکەن ئەم دار و کۆتەکە خزمەتی ئەوە بکات کە دەیانەوێت؛ بە هیچ شێوەیەک، ئەم قسەیەی منیش تاقیبکەوە. ئەوان خزمەتی ئێران دەکەن و رێگەگرتن لە دەستوەردانی ئێران لە کاروباری عێراق، لەسەرمان ئاڵۆز دەکەن. با بە خۆیاندا بچنەوە، چونکە ئەوان لەجیاتی ئیسرائیل شەڕ دەکەن.
رووداو: بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ کێ؟ واتە ئایا حکومەت دەتوانێت سنووردارکردنی چەک و گەڕانەوە بۆ جورف سەخر بسەپێنێت بەبێ سازان یان رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ ئێران بۆ نموونە؟
عیزەت شابەندەر: دەبێت بەبێ ئێران بێت، با راشکاوبم لەگەڵت، واتە ئەو چارەسەرەی کە دەبێت حکومەتی عێراقی پێی بگات، یان ئەو ئەنجامەی کە دەبێ حکومەتی عێراقی پێی بگات، دەبێت بەبێ ئێران پێی بگات؛ هەروەها بەدەمەوەچوونیش نییە بۆ گوشارێکی ئەمریکی، ئەم هاوکێشەیە زۆر گرنگە، کە هەوڵدەدەم لە هەموو بوارەکان دەریببڕم، بەڵام کێشەکە ئەوەیە گوێی عێراقی، یان سیاسی، یان هەندێک لە میدیاییەکان کاتێک دەستوەردانی ئەمریکی سەرکۆنە دەکەم، وا لێکیدەدەنەوە کە من پێشوازیی لە دەستوەردانی ئێرانی دەکەم، کاتێکیش دەستوەردانی ئێرانی سەرکۆنە دەکەم، وەک ئەوەیە پێشوازیی لە دەستوەردانی ئەمریکی بکەم، مەسەلەکە وانییە! هەردووکیان دەست بۆ سەروەری دەبەن، هەریەکەیان بەشێوەی خۆی و بە شێوازی خۆی، ئەمەش ئێمە لە 2003ـەوە تاوەکو ئێستا راهاتین و زانیمان ئێران چۆن دەستوەردان دەکات و بە هەموو هێزی هەوڵدەدات ئەنجامەکان بەرەو بەرژەوەندیی خۆی ببات، ئەمریکاش چۆن دەستوەردان دەکات؛ بەتایبەتیش دەستوەردانی ئەمریکای ترەمپ، ئۆباما دەستوەردانی لە کاروباری عێراق دا کرد و گەیشتە فۆڕمێکی پەیوەندی لەگەڵ ئێران، هەرچەندە لەسەر حیسابی عێراقیش بوو، بەڵام گەیشتە فۆرمێک. بەڵام ئەم پیاوە سەیر و سەمەرەیە (ترەمپ) کە بووەتە بەڵا بەسەر ئەمریکاوە پێش ئەوەی ببێتە بەڵا بەسەر ئەورووپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، ئەم پیاوە «یان بەشێوەیە یان سزاتان بەسەردا دەسەپێنم»، نە بەڕێز ترەمپ و نە نێردەکەی «تۆم باراک» کە دەستی کردووە بە گۆڕان بەرەو باشتر، چاوەڕێی ئەوە نەکەن کە ئەم تێڵا و گۆپاڵە خزمەتی ئەوە دەکات کە دەیانەوێت بەهیچ شێوەیەک و، ئەم قسەیەم تاقی بکەنەوە: ئەوان خزمەتی ئێران دەکەن و لەسەر ئێمەی ئاڵۆز دەکەن کە رێگە لە دەستوەردانی ئێرانی لە کاروباری عێراق دا بگرین، با بە خۆیاندا بچنەوە چونکە ئەوان لەجیاتی ئیسرائیل شەڕ دەکەن.
رووداو: چۆن خزمەتی ئێران دەکەن؟
عیزەت شابەندەر: کاتێک گۆپاڵی ئەمریکی بەوشێوەیە و بەبێ پاساوێکی روون لەسەر سەری شیعە دەبێت و ئاماژە بە سزاکان دەکرێت ئەگەر پابەندییان نەبین، شیعە مێژووی پەنابردنە بەر ئێرانیان دووبارە دەکەنەوە، چ لە عێراق بێت یان لە ناوچەکەدا، چونکە ئەمە مێژووی هەیە. من گفتوگۆم لەگەڵ سیاسەتمەدارانی عەرەب کردووە لە وڵاتانی دراوسێ کە بۆچی رێگە بە ئێران دەدرێت بەو رادەیە تەشەنە بکات و بە لایەنی دیکە نادرێت؟ دەبینم بابەتەکە مێژووییە. لە ساڵانی 1979 و 1980 کاتێک سەددام حوسێن ویستی بەرەو شەڕ بچێت، هەڵگیرساندنی شەڕ بە پاساوی پاکتاوکردنی ئەوەی لەوکاتدا ناوی نابوو «تابووری پێنجەم» کە شیعەکان بوون و شیعەکانی سەرکوتکرد هەروەک چۆن برا کوردەکانی سەرکوتکرد، شیعەکان لەنێوان کوژراو و زیندانی و هەڵاتن دا بوون، کام لە وڵاتانی دراوسێ پێشوازیی لەم هەڵاتووانە کرد، کوێت، سعودیە، تورکیا؟ نەخێر، ئێران پێشوازیی لێکردن. پابەندییەکی ئەخلاقی هەیە بەرامبەر ئەم پێشوازیکردنە، واتە من کاتێک براکانم گیانیان رزگار بوو و چوونە ئێران 25 و 30 ساڵ؛ بەشێکیان لەوێ مردن و هەندێکیان هاوسەرگیرییان کرد، خەڵک فێربوو و خەڵک منداڵی خستەوە، کاتێک خوا سەرکەوتنی خۆی دێنێت و سەددام و دەستەوتاقمەکەی دەڕۆن، کە ئێرانی دێت و پێم دەڵێت «سڵاوتان لێ بێت»، من پێیبڵێم «نە سڵاوت لێ بێت و نە رەحمەتی خوا، من وڵاتێکی عەرەبیم مافت نییە بێیە وڵاتەکەمان»؟ ئەمە مێژووی هەیە؛ مێژوو و بارودۆخی خۆی هەیە.
رووداو: بەڵام شایستەبوونە ئەخلاقییەکە لەسەر حیسابی دەوڵەت نییە؟ واتە بۆ نموونە، بۆچی شایستەبوونە ئەخلاقییەکە لەسەر حیسابی دەوڵەت بێت. بۆ نموونە من بە بیرم دێت، ئەگەر باسی دەوڵەت بکەین، تۆ لە قسەیەکدا قسەت کرد کە گوێم لێی بوو، باسی دەوڵەتی ئێرانیت کرد دوای کودەتاکە یان شۆڕشەکە - گوتت هەندێک کەس کێشەیان بۆ ئێمەی پەنابەران دروست دەکرد و گرووپەکانیش لە گرووپەکانی شا بوون؛ ئێمەش چووین ناڕەزاییمان دەربڕی لای کۆمەڵەکە، واتە لای ئەوانەی تازە هاتبوون لە 1979دا و گوتیان ئێمە وا بەئاسانی دەریان ناکەین، ئەوانە خەڵکی دەوڵەتن، راستە لەگەڵ "شا" بوون، بەڵام دەوڵەت خەرجیی لێکردوون، واتە تەنانەت ئێرانییەکانیش بۆ نموونە دەوڵەتیان دەرنەکرد و دەوڵەتیان بە کەم نەزانی، تەنانەت ئەوانەش کە لەگەڵ شا بوون. کەواتە ئەگەر وایە، شایستەیی ئەخلاقیی ئێران لە عێراق دا بۆچی لەسەر حیسابی دەوڵەت بێت؟
عیزەت شابەندەر: ئەمە بەرپرسیارێتیی عێراقییە، من کاتێک ئەم نموونەیەم هێنایەوە و سوپاست دەکەم کە بیرت ماوە پێمان دەگوتن بابە ئەمانە لە سەرۆکوەزیران یان کاروباری دەرەوەدا بە نەرمی یان بە ئەخلاقەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئێمە نەکرد؛ دەیانگوت لە کوێ؟ پێمان دەگوتن سەرۆکایەتیی وەزیران؛ دەیانگوت ئەمانە "تاغووتین"، ئەمانە شاهانشایین. کەواتە ئێران کاتێک شۆڕشی کرد دەوڵەتی نەڕووخاند، چونکە خۆی خاوەنی شۆڕشەکە بوو، خۆی خاوەنی کودەتاکە بوو، بەڵکو تەنیا بە دوورخستنەوەی ئەوانەی هێڵی یەکەم وازی هێنا.
بەڵام ئێمە، چونکە ئێمە خاوەنی گۆڕانکارییەکە نین و ئێمە نین کە سەدداممان رووخاند، ئێمە هاتین سوپامان هەڵوەشاندەوە، ئێمە هاتین هەموو دەزگاکانی ئاسایش و هەواڵگریمان هەڵوەشاندنەوە، ئێمە هاتین و بەڕێوەبردنی نەوت و داراییمان رادەستی ئەمریکا کرد، ئێمە قبووڵمان کرد کە ببینە وڵاتێکی داگیرکراو بە شێوەیەکی فەرمی لە ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەمە جیاوازییەکەیە!
ئێمە کاتێک هاتین رژد نەبووین لەسەر گەڕاندنەوە و بنیاتنانەوەی ئەو دەوڵەتەی کە بە قازمەکانی ئەمریکا وێران کرابوو؛ نەخێر، پڕۆژەیەکمان قبووڵکرد کە ئێستا بە دەستییەوە دەناڵێنین و ناوی «پڕۆژەی دابەشکردنی دەسەڵات»ـە، ئەی کورد تۆ ئەوەندە، ئەمە وەزارەتەکانتن بڕۆ چیان تێدا دەکەیت بیکە، ئەی شیعە و ئەی سوننە ئەمە وەزارەتەکانتان؛ تاوەکو گەیشتە ئەوەی بووە کولتوورێکی گشتیی.
شیعە دەڵێت: ئەمە وەزارەتی خۆمان نییە؟ بۆچی دەستوەردانی تێدا دەکەن، وەزارەتی باوباپیرانتانە؟ واتە ئەو و بودجەکەی و فەرمانبەرەکانی موڵکی ئێمەن و بە هەمان شێوە سوننە و بە هەمان شێوەش کورد، هۆکارەکە لایەنی عێراقییە؛ لایەنی عێراقی هۆکارەکەیە نەک لایەنی ئێرانی. ئێمە باخێکین بەبێ پەرژین.
رووداو: هەرێمی کوردستان و هەروەها کەرکووک، ئێستا دەناڵێنن بەدەست کەمی کارەباوە بەهۆی هێرشەکەی ئەم دواییە، کە بەپێی راپۆرتەکان لە پارێزگای سەڵاحەددینەوە کرایە سەر وێستگەی دانە گاز لە کۆرمۆر. دانە گاز ئێستا داوای گەرەنتی یان بەڵێننامە دەکات بۆ دووبارەنەبوونەوەی هێرشەکان، بۆچی حکومەتی فیدراڵی و چوارچێوەی هاوئاهەنگی ناتوانن هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان رابگرن؟ ئەم هێرشانە هێرشن بۆ سەر کارەبای خەڵک، نە بنکەی ئەمریکییە و نە بارەگای حیزبەکانە واتە هێرشە بۆ سەر کارەبا.
عیزەت شابەندر: لە راستی دا کارێکی قێزەون و شەرمەزارانەیە، پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات بۆ راگرتنیان، واتە ئەمە تێکچوون و پاشەکشەیە ئەگەر دەربڕینەکە دروست بێت، ئەم وێستگەیە وێستگەیەکە لە کوردستان، بەڵام وێستگەیەکی عێراقییە، کارەبا دەداتە گەلی عێراق نەک گەلێکی دیکە، ئەمانە کاری شەرمەزارانەن و دەتوانم بڵێم کە هەموو شتێک تێکەڵ و پێکەڵ بووە و دەبێت دان بەوە دابنێین کە هیچ کۆنترۆڵێکی تووند و تەواو بەسەر هەموو ئەو شتانەدا نییە کە روودەدەن، واتە تەنانەت کاتێک باس لە بابەتی جورف سەخر و دزینی نەوت دەکرێت ئەمەش بیانوویەکی لاوازە، چونکە نەوت لە هەموو شوێنێک دەدزرێت و بۆرییەکان لە هەموو شوێنێک کون دەکرێن و، هەندێک شت هەن کە چەندین جار هێندەی دزییەکانی جورف سەخرن، بۆیە دەڵێم هیچ شتێکی رێکوپێک نییە نە لە بەرهەمهێنانی دا و نە لە دەرهێنانی دا و، دەتوانین ئەمڕۆ لە پێشێلکارییەکان ئەوەندە بژمێرین کە نەژمێردرێت و لە ژماردن نەیێن و هیچ چارەسەرێکی نزیک دیار نییە مەگەر کاتێک سەرکردە مێژووییەکانی عێراق لەسەر مێزێکی بازنەیی دادەنیشن و چارەسەرێک بۆ ئەم دۆخەی تێیداین دەدۆزنەوە.
من ئێستا ناتوانم چارەسەرێکی جادووییت پێشکێش بکەم کە بتوانێ هەموو ئەو تێبینییانەی بەڕێزت باسیان دەکەیت کۆتایی پێبێنێ یان دووریان بخاتەوە.
رووداو: بەڵام ئێستا کێ حوکم دەکات؟ سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی یان ئەو هاوکێشە سیاسییەی کە ئەوی هێناوە؟
عیزەت شابەندەر: من پێموایە ئەو هاوکێشە سیاسییەی کە عەلی زەیدی هێنا و متمانەی پێبەخشی بۆ پێکهێنانی حکومەت، دەبێ بەردەوامبێ لە پێدانی متمانە لەگەڵ پاڵپشتی و پشتیوانیکردن، ئەوەی ئێستا روودەدات ئەمە نییە واتە بە لێکدانەوەی من ئەمە دەبێت بۆ مێژوو باسی بکەین. عەلی زەیدی لەنێو ئەو سەرۆکوەزیرانە کەمانەدایە کە خۆیان داوای ئەم پۆستەیان نەکردووە، هەندێک هێز و کەسایەتی هەبوون کە پاڵیان پێوەنا بۆ قبووڵکردنی ئەم پێشنیازە و کاتێک ئەم پێشنیازەی قبووڵکرد بە عەرەبییەکی روون پێیگوتن من دەتوانم کێشە ئابوورییەکان چارەسەر بکەم، بەڵام لەڕووی سیاسی و ئەمنی و سەربازییەوە من ئەزموونم نییە، ئینجا پیاوەکان هەموویان سنگیان دەرپەڕاند و پێیانگوت ئێمە لەگەڵتین، بەڵام ئەم «ئێمە لەگەڵتین»ـە من خۆم نەمبینی و ئەمڕۆ کێ حوکم دەکات، ئەو یان ئەو هاوکێشەیەی کە ئەوی هێناوە، پرسیارێکی بەجێ و واقیعییە و من پێت دەڵێم من نازانم کێیە کە حوکم دەکات یان کۆنترۆڵ دەکات و، هۆکاری دیکە و لایەنی دیکەش هەن کە دێنە نێو بازنەی بڕیارەوە و لەوانەیە لەوانیدیکە زیاتر کاریگەرییان هەبێت، دۆخەکە ئاڵۆزە و ئاسان نییە، بەداخەوەم کە ئەمە لەسەر شاشە باس دەکەین، بەڵام ئەمە ئەو راستییە بە ئازارەیە کە رازی نییە لەنێو سینەماندا بە نەگوتراوی بمێنێتەوە.
رووداو: گوتنی ئەوەی کە بەڕاشکاوی نازانی کێ حوکم دەکات بەڵگەیە لەسەر دۆخی عێراق یان ئاڵۆزیی دۆخی عێراق، بەڵام چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە و تێبینیی زۆریش هەن لەسەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە تۆ بە ئیفلیج یان تووشبوو بە ئیفلیجی ناوی دەبەیت، بەڵام چوارچێوەی هاوئاهەنگی بووەتە جۆرێک لە ناوەندی سازکردنی بڕیاری سیاسی و دەسەڵات لە عێراق دا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی چی بۆ دەوڵەت و بۆ سەرۆکوەزیران هێشتووەتەوە کە پەیوەستە بە بڕیارەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و ویستی چوارچێوەی هاوئاهەنگی؟ چی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیران و تەنانەت بۆ خودی سەرۆکوەزیرانیش ماوەتەوە لە سایەی بوونی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دا؟
عیزەت شابەندەر: ئەوە زۆر سەرنجم رادەکێشێت کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی چێشتخانەی بڕیاربێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی نە چێشتخانەیە و نە ژووری دانیشتن، هیچ شتێک نییە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی تەنانەت هاوئاهەنگیی لەگەڵ خودی خۆشیدا لەدەستداوە و خودی لایەنەکانیش هەر یەکەیان بە ئاوازی خۆی دەخوێنێت، هەر بۆیە وڵات ونبووە و ئەنجوومەنی نوێنەران لە شوێنێکە و هەرێمی کوردستان لە شوێنێکی دیکە و، قەوارەی شیعە لە شوێنێکی دیکە، ئەمڕۆ هیچ ناوەندێتییەک نییە نە بۆ بڕیار و نە بۆ حکومڕانی، واتە خوا خۆی ئەم وڵاتەی هێشتووەتەوە تۆزێک لەسەر پێیەکانی بوەستێت، من گومانم باش نابەم بۆ داهاتوویەکی نزیک، بەڵام بە رەحمەتی خودا بە خەڵک و بەو گەلەی کە هیچ تاوانێکی نییە لە کۆتایدا پێموایە ئەم عێراقە بە ویستی خودا بەرەو شتێکی باشتر دەڕوات، هەروەها دووپاتی دەکەمەوە هیچ چارەسەرێکی واقیعی یان جادوویی لای من نییە، تەنیا ئەوە نەبێت کە داوای رەحمەتی خوای گەورە بکەین و لێی بپاڕێینەوە بۆ ئەوە .
رووداو: رۆڵی پێکهاتە سیاسییەکانی دیکە چییە؟ من لێرەدا بە شێوازی تایفی قسە ناکەم بەڵکو باسی ئەو دابەشبوونە سیاسییە دەکەم کە هەیە، واتە تایفەگەریی سیاسی نەک تایفەگەریی جەماوەری، تۆ شارەزاتریت لەوە و بە راشکاوی رۆڵی کورد و سوننە لە بڕیارە چارەنووسسازەکان و بڕیارە ستراتیژییەکانی عێراق دا چییە؟
عیزەت شابەندەر: تۆ لە من زیاتر دەزانی کە کوردیش خوا یارمەتییان بدات لەوەی تێیدان، هیچ هاوئاهەنگییەک نییە کە شایستەی کورد بێت لە نێوان سلێمانی و هەولێر و کەسانێکیش هەن لە بەشەکانی دیکەی عێراق کە بۆسەیان بۆ ئەوان و بۆ یەکڕیزییان داناوە، هەروەها هیچ هاوئاهەنگییەک لەنێو ماڵی شیعەش دا نییە و لێرەشدا کەسانێک هەن کە تەڵەیان بۆ ئەم پێکهاتەیە و بۆ بەرکەوتە و مافەکانی ناوەتەوە، پاڵ بە ئاراستە هەرە مەترسیدارەکەوە دەنێن ئەویش ئەوەیە کە شەڕێکی شیعە - شیعە رووبدات، بەڵام سەبارەت بە پێکهاتەی سوننە، تۆ دەزانی و ئێمەش دەزانین، پێکهاتەیەکە سەرکردایەتییەکانی لەسەر هەموو ئاستەکان تازە پێگەیشتوون، وەک کورد و شیعە تاڵیی دیکتاتۆرییان نەدیوە، واتە کاتێک شیعە و کورد لە هەندێک شوێنی دیاریکراودا جیاوازییان دەبێت، هەر کە ئاوڕ لە دواوە دەدەنەوە خۆیان لە یەک شوێندا دەبیننەوە، بەڵام لەگەڵ براکان لە پێکهاتەی سوننە، لەگەڵ ئەوانەی ئێستا لە پێشەوەن و پێگەی یەکەمیان گرتووەتە دەست، کاتێک ئێمەی شیعە و کورد ئاوڕ لە دواوە دەدەینەوە، بە هیچ شێوەیەک ئەوان لەگەڵ خۆمان نابینینەوە، بێگومان ئەم جیاوازییە، کێشەی دروستکردووە و ناهاوسەنگیی دروستکردووە لە هاوسەنگیی پێکهاتە حکومڕانەکانی ئەم وڵاتەدا.
هیواخوازم براکانمان لە پێکهاتەی سوننە لانیکەم سوود لە ئەزموونی ساڵی ٢٠١٠ەوە تاوەکو ئێستا وەربگرن و، ئەوەی تووشی ئەوانی دیکە بووە رەنگە تووشی ئەوانیش ببێت و، بێگومان هیچ شتێکمان تووش نابێت تەنیا ئەوە نەبێت کە خۆمان بە خۆمان لەسەر خۆمانی دەنووسین .
رووداو : جوانە بەڕێز شابەندەر ...
عیزەت شابەندەر : ئەمڕۆ تۆم خستە نێو ئایین و ناسنامەوە : هیچمان بەسەر نایێت جگە لەوەی بە خۆمان بۆ خۆمانی دەنووسین .
رووداو: ئاماژەت بە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان دا، ئەگەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای پێکهێنانی هەرێمی سلێمانی بکات، ئایا بەغدا ئەم داواکارییە پەسەند دەکات؟
عیزەت شابەندەر: پێموایە بەغدا بەسەر دوو ئاراستەدا دابەشبووە. ئاراستەیەک پێی رازی نییە و ئاراستەیەک هەیە لەوانەیە ئێستا زەوینەسازی بکات، نەک هەر تەنیا پێی رازیە، بەڵکو ئاراستەیەک هەیە خۆی زەوینەسازی دەکات و جموجۆڵ دەکات بەرەو ئەوەی دوو هەرێمی کوردی هەبن.
رووداو: ئایا هەرێمی سلێمانی و هەڵەبجە لەڕووی سیاسییەوە رێی تێدەچێت؟ من لێرەدا لەڕووی یاساییەوە باسی ناکەم. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دروستکردنی هەرێمی سلێمانی و هەڵەبجە لەڕووی سیاسییەوە رێی تێدەچێت، واتە لەڕووی سیاسییەوە دەکرێت ئەو هەرێمە نوێیە لە عێراق دا دروستبکرێت ؟
عیزەت شابەندەر: ئەگەری ئەوەی کە ببێت زۆر رێی تێدەچێت. لەڕووی دەستووریی و یاساییەوە ئایا رێگەپێدراوە یان نا، من بە باشی لێکۆڵینەوەم لەم بابەتە نەکردووە. پێموانییە هەولێر دەستبەرداری یەکپارچەیی هەرێم ببێت. واتە بە بۆچوونی من هەولێر هەرچییەکی لەدەست بێت دەیکات لەپێناو راگرتنی ئەوەدا. منیش لەگەڵ هەولێرم .
رووداو: هێزە سیاسییە شیعەکان لە بەغدا، ئایا پێتوایە ئەوان پشتیوانی پڕۆژەی هەرێمی سلێمانی و هەڵەبجە دەکەن. با دەربڕینەکە بەم شێوەیە بێت نەک لەبەر خۆشەویستیی سلێمانی یان هەولێر، بەڵکو لەبەر لێکەوتەکانی ئەم پڕۆژەیە لەسەر بەسرە و رەنگە لەسەر ئەنبار و نەینەواش، چونکە زۆر روونە کە نزیکەی ١٠ ساڵە لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا کار لەسەر ناوەندیبوونی دەوڵەت دەکەن. ئایا ئەمانە رێگە دەدەن هەرێمێکی نوێ لەنێو عێراق دا لە هەرێمی کوردستان دا دروستبکرێت، لە ترسی کاردانەوە یان بەرزبوونەوەی دەنگەکان لە بەسرە یانیش لە ناوچەکانی دیکە، هەروەها لە فراتی نێوەڕاست؟
عیزەت شابەندەر: راشکاوبم لەگەڵت، ئەزموونی ئێمە سەلماندوویەتی کە ناوەندێتی دەوڵەت کەمتر مەترسیدارترە لەسەر یەکپارچەیی وڵات و تواناکەی لە گەشەسەندن و، کەمتر گەندەڵترە، کەواتە کێشەکە لە کوێدایە؟ ئێمە سەیری ناوەندێتی دەوڵەت دەکەین وەک ناوەندێتی ستەمکار و نادادپەروەر. ناوەندێتی دادپەروەریش هەیە. بۆچی ئێمە ناوەندێتی بە هەموو پۆلێنەکانییەوە رەتدەکەینەوە؟ واتە ئەمڕۆ وڵات چ سوودێکی لە نەبوونی ناوەندێتی وەرگرتووە لە ٢٠٠٣ەوە تاوەکو ئەمڕۆ؟ پەرتەوازەیی و لێکترازان و بەهەدەردانی سامان و دارایی زیاتر بووە. ئەمەیە کە ئێمە ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە دەستمان کەوتووە. ئەمەیە ئەوەی ئەمڕۆ دەستمان کەوتووە لە ئەگەری بەهەرێمکردن هەر کاتێک هۆکارەکان رەخسان کە هەرێمێک دروست بکەین. ئێمە وڵات پارچەپارچە دەکەین و سوودی لێ نابینین و، لە کۆتاییشدا هەمووان بە دۆڕاوی لێی دەردەچن. واتە من زۆر ناترسم لە کەمکردنەوەی ئەم دۆخە و هەنگاو بە هەنگاو نزیکبوونەوە لە ناوەندێتی. من هیچ مەترسییەکم ، بەتایبەتی ئەگەر ناوەندێتی لە یەک دەستدا نەبێت، ئەمەش رێی تێدەچێت. واتە هەولێر دەکرێت بەهێزەوە لە بەغدا هەبێت، هەروەک چۆن بەسرە دەکرێت بەهێزەوە لە بەغدا هەبێت، هەروەک چۆن ئەنبار دەکرێت بەهێزەوە لە بەغدا بێت. ئێمە هەمیشە بە یەک چاو و بە یەک تەرازوو سەیری شتەکان دەکەین، بەخوا بەپێی ئەزموونەکەی 2003 تاوەکو ئەمڕۆ، من لەگەڵ ئەم سیستەمە نیم کە تێیدا دەژین. بەخوا ئەم سیستەمە ئەمریکا بۆی دروستکردووین بە چاوی ئیسرائیلی، چونکە دەزانێت داهاتووی وڵات لە سایەی سیستەمێکی لەم جۆرەدا پارچەپارچەبوون و دابەشبوونە و، سنووری هەرێمەکان بە خوێن دەکێشرێن. بۆیە من مەترسیم نییە لە گەڕانەوەی ناوەندێتی، بەڵام بەومەرجەی بۆی زیاد بکەین کە ناوەندێتییەکی دادپەروەربێت و هەموو پێکهاتەکان تێیدابن ، نەک تەنیا یەک پێکهاتە، ئەوەی ئێمە لە ناوەندێتی بینیمان و وای لێکردین رقمان لێی ببێتەوە ئەوەبوو کە کارەکان لە یەک دەستدا بوون و، ئەوانیدیکە کە زۆرینەی وڵات پێکدەهێنن ستەملێکراو بوون، ستەمیان بە دادپەروەری بەسەردا دابەشدەکرێت، بەڵام دادپەروەری لە هەموو لایەنەکاندا ونە، هەر بۆیە هەستیار بووین بەرامبەر گەڕانەوەی سیستەمی سەرۆکایەتی، هەستیار بووین لەوەی هەنگاو بە هەنگاو لە گەڕانەوەی ناوەندێتی نزیک ببینەوە بەبێ حیسابکردن بۆ وردەکارییەکان. بەخوا ئەزموون فێری کردم ئەنجوومەنی پارێزگاکان هیچ نین جگە لە بوار و دەرفەت بۆ پەکخستن و دزی، جگە لە پەکخستن و دزی و هیچی دیکە.
رووداو: بەڕێز شابەندەر، چ ئاسۆیەک لە نێوان یەکێتیی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان دا دەبینی، رێککەوتن یان درز و لێکترازان لە داهاتوویەکی نزیک و رۆژانی داهاتوودا؟
عیزەت شابەندەر: راشکاو دەبم، پێشبینیی ئەوە دەکەم کە ئاواتی پێ ناخوازم. پێشبینی دەکەم کە دانایی هەندێک لە سەرکردەکانی کورد رێگر دەبێت لەو جیابوونەوەیەی بەوشێوەیەی کە گوێمان لێدەبێت. هەروەها تەنانەت شەقامی کوردی لە سلێمانی پێش هەولێر ئەمە رەتدەکاتەوە. لەبەرئەوەش من زۆر رەشبین نیم و، زیاتر گەشبینم بەوەی کە ئەم کێشەیە بەم زووانە چارەسەر دەبێت.


