رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سنە فەرمانی گەڕاندنەوەی ناوە رەسەنە کوردییەکانی بۆ ئەو گوندانە دەرکرد کە پێشتر گۆڕدرابوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "دەبێت تاوەکو سێ مانگی دیکە سەرجەم تابلۆی ناوی گوندەکان بگۆڕدرێن و بە هەردوو زمانەکانی کوردی و فارسی بنووسرێنەوە."
دوێنێ پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ قایمقامەکانی ناوچەکە باسی لە گرنگیی ناوی کوردیی گوندەکان کرد و رایگەیاند: "پاراستنی زمانی کوردی، کولتوور و ناسنامەی خەڵکی پارێزگا ئەرکێکی کولتووری و مێژووییە."
ئارەش لهۆنی ئاماژەی بە ناوی ئەو گوندانە کرد کە لە رابردوودا بە هۆکاری جیاواز گۆڕدراون و گوتی: "ناوی گوندەکان بەشێکە لە ناسنامەی مێژوویی و کولتووریی خەڵکی هەر ناوچەیەک و ناکرێت لەبەرامبەر ئەو ناوە نەشیاوانە یان وەرگێڕانە هەڵانەدا کەمتەرخەم بین کە بە درێژایی چەندین دەیە بۆ هەندێک ناوچە بەکارهێندراون."
پارێزگاری سنە نموونەی گوندی (مامیزەک)ـی سەر بە کامێرانی دەهێنێتەوە کە بە هۆکاری نادیار لە رابردوودا گۆڕدراوە بۆ (مەحموود گەزەک) و دەڵێت: "ئێستا ناوی ئەو گوندە بۆچی کراوەتە مەحموود گەزەک و واتاکەی چییە، تەنیا خودا دەزانێت. نابێت ئەم ناوە بێواتاییانە بمێنن."
ئارەش لهۆنی لە کۆبوونەوەکەدا قایمقامەکانی راسپارد، لە سنووری شارەکاندا لیژنەی پێنج کەسی پێکبهێنن و بە ئامادەبوونی مامۆستایان و شارەزایانی زمان، لێکۆڵینەوە بکەن لەسەر ئەو گوندانەی ناوەکانیان بێواتان، نەگونجاون یان خەڵک خوازیاری گۆڕینیانن.
بەگوتەی پارێزگاری سنە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەی ئەم لیژنانە دوای کۆکردنەوە و پوختەکردن بە بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگا رادەگەیێندرێت، تاوەکو بۆ تێپەڕاندنی قۆناخە یاساییەکان بۆ بەشی دابەشکاری لە تاران بنێردرێت.
ئارەش لهۆنی ئاماژەی بە هەوڵی دوو ساڵەی بەشێک لە سنووری پارێزگاکەدا کرد بۆ هەڵواسینی تابلۆی کوردیی ناوی گەڕەک و گوندەکان لە تەنیشت نووسینە فارسییەکە و گوتی، پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و سەرجەم شارەکان دەتوانن تابلۆکان بە زمانی کوردیش بنووسن.
بەپێی دوایین خشتەی ئاماری ئەنجوومەنی پارێزگای سنە، هەزار و 856 گوند لە پارێزگاکەدا هەن کە هەزار و 651ـیان ئاوەدانن و 205ـیان چۆڵن.



