رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی شوێنەواری عەفرین رایگەیاند، لە هەرێمی عەفرین سەرجەم 36 گردە شوێنەوارییەکان وێرانکراون و هەڵکۆڵدراون. بەرپرسێکی شوێنەوارەکانی سووریاش دەڵێت لە هەندێک ناوچەی سووریادا رێژەی زیانبەرکەوتنی شوێنەوارەکان گەیشتووەتە 80٪.
عەفرین: 36 گردی شوێنەواری وێرانکراون
بەتال خەلیل، بەڕێوەبەری شوێنەواری عەفرین بە رووداوی راگەیاند: "لە سنووری عەفرین 36 گردی شوێنەواریمان هەیە کە لای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار تۆمارکراون، بەداخەوە هەر 36 گردەکە بە ئامێری قورس و بلدۆزەر و هەڵکۆڵینەوە رووبەڕووی وێرانکاری بوونەتەوە، دیارترینیان شوێنەوارەکانی نەبی هوری و عەین دارە و چیای شەڕان."
سەبارەت بە هەوڵەکانی دۆزینەوەی پارچە شوێنەوارەکان، خەلیل ئاشکرای کرد: "لە ناوچەکانی شەڕان و بلبلێ زیاتر لە 50 پارچە شوێنەوارمان گەڕاندەوە و بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان رادەستی مۆزەخانەی حەلەبمان کردنەوە. هەروەها لە مەرساواش کۆمەڵێک پارچەی گرنگی وەک قاپوقاچاخی فەخاری، شەمدانی ئاسن، ستوونی مەڕمەڕ و پەیکەری تێکشکاوی ژنێکمان دۆزییەوە و دوای بەدۆکیۆمێنتکردنیان بۆ کۆگەی عەین دارە گواسترانەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا کار بۆ پاککردنەوە و لابردنی پاشماوە و گڵ لەو ناوچانە دەکرێت.
ئاماری زیانەکانی شوێنەوار لە سەرتاسەری سووریا
ئەیمەن نابۆ، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوارەکانی سووریا بە رووداوی گوت، هێشتا ئامارێکی کۆتایی ورد نییە چونکە زیانەکان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازن: "لە پارێزگای ئیدلب رێژەی زیانەکان نزیکەی 70٪ـە، لە حەسەکە نزیکەی 60٪ـە، لە حەما 30٪ـە و لە حومسیش 20٪ـە؛ تەنانەت لە نێو یەک ناوچەی شوێنەواریدا هەندێک شوێن 80٪ و هەندێکیشی 10٪ زیانی پێگەیشتووە."
نابۆ هۆکاری وێرانکارییەکانی بۆ پێنج خاڵ گەڕاندەوە: بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان، هەڵکۆڵینی هەڕەمەکی بۆ دۆزینەوەی گەنجینە، شکاندنی بەردە مێژووییەکان، دروستکردنی کەمپی ئاوارەکان لەسەر زەوییە شوێنەوارییەکان،و فراوانبوونی باڵەخانەی نوێ بەسەر شوێنەوارەکاندا.
دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 100 هەزار پارچەی شوێنەواری
لەبارەی پارچە دزراوەکانەوە، نابۆ ئاشکرای کرد: "ئێستا ژمارەی ئەو پارچە شوێنەوارییانەی کە گەڕێندراونەتەوە یان دەستیان بەسەردا گیراوە لە سەرووی 100 هەزار پارچەیە." روونیشیکردەوە کە بەشێکیان لەلایەن هاووڵاتییانەوە بە خۆبەخشی رادەستکراونەتەوە و بەشەکەی دیکەش لە فڕۆکەخانەکان و نێوخۆی سووریا و دەرەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.
55 پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە لە ساڵی 2026ـدا
ئەیمەن نابۆ رایگەیاند، لەمساڵدا 55 پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و توێژینەوەیان لەبەردەستدایە (10 پڕۆژە تەواوبوون، 16 لە قۆناخی کۆتاییدان، 19 دۆسیە ئامادەن و 10 لە قۆناخی توێژینەوەدان)، کە بەشێکیان بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک یونسکۆ (UNESCO)، یووئێن دی پی (UNDP) و رێکخراوی ئاغا خان جێبەجێ دەکرێن.
جێگری بەڕێوەبەری شوێنەوارەکانی سووریا جەختی کردەوە کە بۆ کردنەوەی مۆزەخانەکان و پاراستنی ناوچە مێژووییەکان، پێویستییەکی بەپەلەیان بە زیادکردنی پاسەوان، دانانی کامێرای چاودێری، هەستەوەری جووڵە، دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری و هاوئاهەنگیی تووندتر لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان هەیە تاوەکو رێگری لە هەر دەستدرێژییەکی نوێ بکرێت.



