رووداو دیجیتاڵ
وەقفی ئاڤێستا رایگەیاند، (خەڵاتی شانازیی ساڵی 2026) دەبەخشێتە مێژوونووس و کوردناسی کورد، جەلیلێ جەلیل. رێوڕەسمی پێشکێشکردنی خەڵاتەکەش لە شاری ئامەد بەڕێوەدەچێت.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەقفی ئاڤێستا کە رۆژی چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوکراوەتەوە، خاوەنی خەڵاتی شانازیی ئەمساڵی دەزگاکە جەلیلێ جەلیل دەبێت. بڕیارە رێوڕەسمی پێشکێشکردنی خەڵاتەکە رۆژی 28ـی تشرینی دووەم لە هۆڵی کۆنفرانسی تاهیر ئەلچی لە ئامەد ساز بکرێت.
هەر بەپێی زانیارییەکان، لە هەمان رۆژدا لەنێوان کاژێر 14:00 بۆ 17:00 پانێڵێکیش لەسەر ئەو مێژوونووسە بەڕێوەدەچێت، ئەوەش بەو پێیەی رۆژی 28ـی تشرینی دووەم هاوکاتە لەگەڵ رۆژی لەدایکبوونی جەلیلێ جەلیلدا.
جەلیلێ جەلیل کێیە؟
جەلیلێ جەلیل مێژوونووس، نووسەر و کوردناسێکی کوردە و لە شاری یەریڤان، پایتەختی ئەرمینیا لەدایکبووە. جەلیلێ جەلیل کوڕی شاعیر و نووسەر جاسمێ جەلیلە، برای گەورەی زمانەوان و فۆلکلۆرناس ئۆردیخانێ جەلیلە، هەروەها خوشکەکەی، جەمیلە جەلیل، لە بواری کۆکردنەوە و لێکۆڵینەوەی میوزیکی کوردیدا کاری کردووە.
دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، جەلیلێ جەلیل لە نەمسا نیشتەجێ بووە و لە زانکۆی ڤیەننا و ئەکادیمیای زانستەکانی ڤیەننا وانەی گوتووەتەوە.
دیارترین بەرهەمەکانی جەلیلێ جەلیل:
راپەڕینی کوردانی 1880 (بزووتنەوەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری)
13 لاپەڕەی سەرنجڕاکێش لە مێژووی گەلی کورد
رۆشنگەریی کوردی
زنجیرە کتێبی فۆلکلۆریی (زارگۆتنا کوردان) و (فۆلکلۆری کوردی) کە بە هاوبەشی لەگەڵ براکەیدا ئامادەیان کردووە.
جەلیلێ جەلیل لە کۆتایی تشرینی دووەمی ساڵی 1936 لە شاری یەریڤانی ئەرمینیا لەدایکبووە و رێوڕەسمەکەی رۆژی 28ـی تشرینی دووەمی 2026 هاوکات دەبێت لەگەڵ 90ـەمین ساڵیادی لەدایکبوونیدا.
جەلیلێ جەلیل یەکێکە لە دیارترین لێکۆڵەرە کوردەکانی ناوەندی ئەکادیمیی سۆڤیەتی پێشوو کە بەتایبەتی لەسەر بەڵگەنامە مێژووییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و بیستەم و بزووتنەوە کوردییەکان و کۆکردنەوەی ئەدەبی زارەکی و فۆلکلۆری کوردی کاری کردووە.
لەدوای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە، ژمارەیەکی زۆر لە کتێب و لێکۆڵینەوەکانی جەلیلێ جەلیل لەلایەن ناوەندە چاپەمەنییە کوردییەکانەوە لە ئامەد و ئیستەنبووڵ وەرگێڕدراون و چاپ کراون، کە لەنێویاندا وەشانخانە و ناوەندە کولتوورییەکانی پەیوەست بە ئاڤێستا رۆڵیان هەبووە لە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیدا بە زمانەکانی کوردی و تورکی.



