رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ وەک نوێنەری برادۆستییەکان لەگەڵ تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق کۆبووەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، لە دیدارەکەدا تۆم باراک کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانی بە ئەرێنی پێناسە کردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، محەممەد فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی بە رووداوی گوت: "بە بانگهێشتێکی فەرمی، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ غالیب کەریم خان برادۆستی لە تورکیا چاومان بە تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق کەوت و کۆبوونەوەیەکی ئەرێنیمان کرد."
محەممەد فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی گوتی: "لە دیدارەکەدا باس لە دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و تێیدا باس لە نزیکبوونەوە و دۆستایەتیی برادۆستییەکان و تۆم باراک لە داهاتوودا کرایەوە."
سەبارەت بە بۆچوونی تۆم باراک لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکرد، "تۆم باراک پێی باش بووە دۆخی هەرێمی کوردستان ئاسایی بکرێتەوە، یەکگرتوویی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا و هەموو لایەک گرنگە؛ هاوکات پێی وابووە بەغدایەکی بەهێز بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان پێویستە."
لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، ئەو نوێنەرەی برادۆستییەکان روونیکردەوە، "تۆم باراک لە دیدارەکەدا کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانی لە چواری ئەم مانگەدا، بە ئەرێنی پێناسە کردووە و روونیکردووەتەوە، پەرلەمانی کوردستان دامەزراوەیەکە موڵکی خەڵکی کوردستانە و موڵکی هیچ لایەن و حیزبێک نییە."
محەممەد فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بوو لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەی 4ـی تشرینی دووەمدا کە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، خۆی وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێناسەکرد. رۆژی 15ـی ئەم مانگەش بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆکارێکی خێزانی و تایبەت دەستلەکارکێشانەوەم پێشکێش کردووە."



