رووداو دیجیتاڵ
هەر ئەو نۆ سیاسەتمەدارە کوردەی، کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی بەڕێوەبەرانی پلاتفۆرمی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی کوردستان (هەڤبەندی) لە ئامەد دەستبەسەر کرابوون، دوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان لە دادگە، ئازاد کران.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەو 9 سیاسەتمەدارە کوردە رەوانەی دادگای ئامەد کران و پاش تەواوبوونی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە و دادوەری، بڕیاری ئازادکردنی سەرجەمیان دەرچوو.
بڕیاری ئازادکردنەکە لە بەردەم دادگای ئامەد لەلایەن کەسوکار، پارێزەران و ئەو هاووڵاتییانەوە پێشوازیی لێکرا کە لە کاتی بەڕێوەچوونی رێکارەکاندا لە دەرەوە چاوەڕێیان دەکردن.
بەپێی زانیارییەکان، ناوی ئەو 9 کەسەی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا دەستبەسەر کرابوون و ئازاد کران بریتین لە:
1. بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە)
2. حەسەن داغتەکین، یاریدەدەر سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان
3. فوئاد ئۆنەن، بەڕێوەبەری رێکخراوی پێلکورد
4. عەلی ئۆنجو
5. رۆژبین بوکون
6. عەلی چەڤەن
7. محەمەد جان ئازبای، جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان
8. ئاریان سەرحەد
9. عەلی ئایدین
بەیانیی رۆژی سێشەممە 17ـی تشرینی دووەمی 2026، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکی داواکاری گشتیی ئامەد سەبارەت بە چالاکییەکانی پلاتفۆرمی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی کوردستان (هەڤبەندی)، لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوکاتدا لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان و تورکیا هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ژمارەیەک سەرکردە و ئەندامی پارت و لایەنە کوردستانییەکان و ئەو 9 سیاسەتمەدارەیان دەستبەسەر کرد.
دەستبەسەرکردنەکە لە رۆژانی رابردوودا کاردانەوەی فراوانی پارتە سیاسییەکان، سەندیکاکانی پارێزەران و رێکخراوە مەدەنییەکانی باکووری کوردستان و تورکیای لێکەوتەوە، لەوانە دەم پارتی کە لە پەرلەمانی تورکیا سەرکۆنەی هەنگاوەکەی کرد و بە زیانگەیاندن بە قۆناخی سیاسی و ئاشتی ناویبرد، پێش ئەوەی دوای دوو رۆژ لە راگرتنیان سەرجەمیان لە دادگای ئامەد ئازاد بکرێن.



