رووداو دیجیتاڵ بۆ جاری دەیەم، دەرچووانی بەشە نەوتییەکان لە کەرکووک دژی دانەمەزراندنیان خۆپێشاندانیان کرد و دەرگای سەرەکیی باڵەخانەی پارێزگایان داخست. ئەوان دەڵێن، کۆمپانیا نەوتییەکان خەڵکی دەرەوەی پارێزگاکەیان دادەمەزرێنن. نادیە سەڵاح، کە 13 ساڵە کۆلێژی ئەندازیاریی نەوتی تەواو کردووە و یەکێکە لە خۆپێشاندەران، گوتی: "بە دەیان جار بەڵێنی دامەزراندنمان پێدراوە، بەڵام دواتر خەڵکیان لە پارێزگاکانی دیکەوە هێناوە و لە کەرکووک دایانمەزراندوون." خۆپێشاندەران رەخنە لە کۆمپانیای بریتیش پترۆلیۆم (BP) دەگرن و دەڵێن، ئەو کۆمپانیایە 750 کارمەندی لە پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدینەوە هێناوە و لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک دایناون، لە کاتێکدا دەرچووانی شآرەکە بێکارن. نوێنەر ئەشرەف، یەکێکی دیکە لە ئەندازیارە خۆپێشاندەرەکان گوتی: "کۆمپانیای بی پی خەڵکێکی زۆری دامەزراندووە کە ژمارەیەکی کەمیان کەرکووکین و زۆربەی زۆریان خەڵکی دەرەوەی کەرکووکن و لەسەر حیسابی کەرکووک دامەزراون." پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی رایگەیاند: "لەسەر بابەتی بی پی هەڵوێستی تووندمان دەبێت، هەڵوێستێک کە کردار بێت و تەنیا قسە نییە. ئێمە دەبێت مافی خەڵکی کەرکووک بپارێزین." خۆپێشاندانی ئەندازیارانی بەشە نەوتییەکان لە کاتێکدایە، بۆریی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک-جەیهان چاککراوەتەوە و بەپێی زانیارییەکان، رۆژانە 120 هەزار بەرمیل نەوتی پێدا هەناردە دەکرێت.
کوردستان18-11-2026بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر: چوار ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە پیڕرەشەوە رووی لە ناو شار کرد