رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستی خۆی لەبارەی پێکدادانەکانی نێوان خوێندکاران و هێزە ئەمنییەکانی سووریا لەسەر گۆڕینی سیستمی خوێندنی کوردی لە زانکۆکانی رۆژئاوای کوردستان راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە، خەڵک مافی خۆپێشاندانی ئاشتییانەی هەیە بەبێ رێگری و هەراسانکردن.
رۆژی سێشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2026، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی رۆژانەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە نیویۆرک، نامۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەرى نووسینگەى رووداو لە نیویۆرک پرسیاری لە فەرحان حەق، جێگری گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد سەبارەت بە هەڵوێستی ئەو رێکخراوە لەسەر گرژییەکان و برینداربوونی نزیکەی 25 خوێندکار لە کاتی رێگریکردنیان لە شاندێکی دیمەشق کە هەوڵی گۆڕینی زمانی خوێندنی زانکۆکان لە کوردییەوە بۆ عەرەبی دەدەن.
فەرحان حەق لە وەڵامدا گوتی، "لەو بارەیەوە، بێگومان، ئەوەی دەیڵێین ئەوەیە کە ئێمە پشتگیری لە مافی خەڵک دەکەین بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتییانە بەبێ رێگری یان هەراسانکردن."
ئەم لێدوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان دوای ئەوە دێت کە بڕیاری لکاندنی زانکۆی رۆژئاوا بە زانکۆی فوڕاتی حکومەتی سووریا و گۆڕینی سیستمی خوێندنی کوردی، ناڕەزایی تووندی خوێندکارانی رۆژئاوای کوردستانی لێکەوتەوە.
رۆژی دووشەممە 16ـی تشرینی دووەم، کاتێک شاندێکی باڵای "لێژنەی تێکەڵکردن"ی سەر بە حکومەتی راگوزەری سووریا گەیشتنە باڵەخانەی سەرۆکایەتیی زانکۆی رۆژئاوا لە قامشلۆ، سەتان خوێندکار بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و بە درووشمی "بێ زمان ژیان نابێ" رێگەیان لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی شاندەکە گرت، بەڵام بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵان، هێزە ئەمنییەکان رووبەڕوویان بوونەتەوە و بەهۆیەوە 25 خوێندکار بریندار بوون.
یەکێک لە خوێندکارە بریندارەکان لە نێو حەوشەی زانکۆی رۆژئاوا بە رووداوی گوت، "زمانەکەمان دەوێ و داوای مافی خۆمان دەکەین. ئەوان تەنانەت لە ئۆتۆمبێلەکانیشیان دانەبەزین تاوەکو وەڵاممان بدەنەوە، بەڵکو بە زەبری هێز و بەردباران هێرشیان کردە سەرمان."
دوای کۆبوونەوەکەش، "لێژنەی تێکەڵکردن"ی حکومەتی سووریا بەیاننامەیەکی پێنج خاڵی بڵاوکردەوە و بڕیاری دا کۆلێژە دانپێدانراوەکانی زانکۆی رۆژئاوا بە ناوی "کۆمەڵگەی کۆلێژەکانی قامشلۆ" بە شێوەیەکی کاتی ببەسترێنەوە بە زانکۆی فوڕاتەوە، وەرگرتنی خوێندکاری نوێ لە کۆلێژە دانپێدانەنراوەکان رابگیرێ و وەرگرتنی سەربەخۆش هەڵبوەشێندرێتەوە. هەروەها بڕیاردرا کە هەرچەندە خوێندکارانی ئێستا دەتوانن تاوەکو دەرچوون بە کوردی بەردەوام بن، بەڵام خوێندنی زمانی کوردی لە کۆلێژی پزیشکی بە تەواوی قەدەخە بکرێت.
زانکۆی رۆژئاوا کە لە دوای 2011 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە دامەزرا، لە ماوەی زیاتر لە دەیەیەکدا نەوەیەک لە خوێندکارانی بە پرۆگرامی زمانی کوردی پێگەیاندووە. بۆیە خوێندکاران و مامۆستایان دەستکاریکردنی ئەم سیستمە بە "هەوڵێک بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و دەستکەوتە ئەکادیمییەکانیان" دادەنێن.

