رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای فڕۆکەوانیی (فلای ئەربیل) دەستپێکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و دیمەشق رادەگەیێنێت، ئەوەش دەبێتە یەکەم گەشتی کۆمپانیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە دوای رووداوەکانی سووریاوە بۆ ئەو وڵاتە.
شەوی سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری رێگەپێدراو و جێبەجێکاری کۆمپانیای (فلای ئەربیل) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گەشتی نێوان هەولێر و دیمەشق دەستپێدەکات، ئەمەش یەکەم گەشتی کۆمپانیا عێراقی و کوردستانییەکان لە دوای رووداوەکان ئەم دواییەی سووریا، واتە لە دوای دەستبەکاربوونی ئەم دەسەڵاتە نوێیە".
لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2024دا گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە سەرۆکایەتی دەستەی تەحریری شام کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. لاوەند مەموندی گوتی: "پێشتر هیچ کۆمپانیایەکی عێراقی نەبوو گەشتەکان دەستپێبکاتەوە و تەنیا هێڵی ئاسمانیی سووری هەبوو. ئێستا فلای ئەربیل وەک یەکەم کۆمپانیا گەشتەکان دەستپێدەکاتەوە".
سەبارەت بە ژمارەی گەشتەکان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (فلای ئەربیل) دەڵێ، رەزامەندیی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی سووریایان بەدەستهێناوە و گوتی: "رۆژی 2-12 یەکەم گەشتی نێوان هەولێر و دیمەشق دەستپێدەکات؛ هەفتانەش سێ گەشتمان بۆ دیمەشق دەبێت. هاوکات لە مانگی 12 گەشتەکانمان بۆ شاری حەلەبیش دەستپێدەکەن کە هەفتانە دوو گەشت دەبن".
مەموندی ئاماژەی بە گەشتەکانی رۆژئاوای کوردستانیش کرد و گوتی: "چاوەڕێی فڕۆکەخانەی قامشلۆین و هەر کاتێک کرایەوە، دەست بە گەشتە ئاسمانییەکانمان بۆ ئەوێش دەکەین".
بە گوتەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، ئێستا (فلای ئەربیل) گەشتی بۆ چەندین وڵات و پایتەختی جیهان هەیە، لەوانە:
ئەڵمانیا (دوسلدۆرف، کۆڵن، شتوتگارت، میونشن، فرانکفۆرت، هانۆڤەر، بەرلین).
هۆڵەندا (ئەمستەردام).
دانیمارک (کۆپنهاگن).
بەریتانیا (لەندەن).
تورکیا (ئیستەنبووڵ).
لوبنان (بەیرووت).
هەروەها گەشتی نێوان هەولێر و بەغدا.



