رووداو دیجیتاڵ
قوتابخانەی گوندی گەڵناغاج لە ناحیەی ئاخجەلەر کە 90 قوتابیی حەوت گوندی تێدا دەخوێنن، بەدەست نەبوونی مامۆستا و خراپیی بیناکەیەوە دەناڵێنێت. نیوەی پۆلەکانی قوتابخانەکە کابینەن و بەگوتەی قوتابییان "لە زستاندا تکە دەکەن و هاوینانیش وەک حەمامی لێدێت"؛ کەسوکاری قوتابییەکانیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان گردبوونەوەیەکیان رێکخست.
قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە هەر لەگەڵ دەستپێکی خوێندنی ساڵی نوێدا، کێشە و گرفت روویتێکردوون و بەرۆکیان بەرنادات. نەبوونی مامۆستا و کۆنی و وێرانبوونی پۆلەکانی خوێندن، کە نیوەی قوتابخانەکە لە کابینە دروستکراوە، پرۆسەی خوێندنی لە قوتابییەکانی قوتابخانەی گوندی گەڵناغاج قورس کردووە.
قوتابییەکان گلەیی لە نەبوونی مامۆستا دەکەن؛ پەری سەروەر، قوتابییەکی قوتابخانەکەیە و دەڵێت: مامۆستای ئایین و بیرکاریمان نییە. مەیلی گۆران، قوتابییەکی دیکەیە و باس لەوە دەکات: مامۆستای بیرکاری و ئینگلیزیم نییە، لە پۆلی یەکەمەوە باوکم فێری کردووم. هەروەها سامان سۆران، دەڵێت: مامۆستاکەمان گوتی وانەم زۆر لایە، ناتوانم زانستان پێبڵێم.
جگە لە نەبوونی مامۆستا، خراپیی پۆلەکان کێشەیەکی دیکەیە کە مەترسی لەسەر تەندروستی و کەشی خوێندنیان دروستکردووە. هۆگر سەنگەر، قوتابیی قوتابخانەکە دەڵێت: لە زستاندا کابینەکان تکە دەکەن، لە هاوینیشدا دەبێتە حەمام هێندە گەرمە.
قوتابخانەکە 90 قوتابیی هەیە و لە پۆلی یەک تاوەکو نۆی بنەڕەتی وانەی لێ دەخوێنن. منداڵانی حەوت گوندی سنووری ناحیەی ئاخجەلەر بۆ خوێندن روو لەو قوتابخانەیە دەکەن. بەهۆی ئەو کێشانەوە، کەسوکاری قوتابییەکان گردبوونەوەیەکیان رێکخست و داوای چارەسەرکردنی گرفتی منداڵەکانیان کرد.
عەباس محەممەد، کەسوکاری یەکێک لە قوتابییەکان دەڵێت: دڵمان ژان دەکات کە منداڵەکانمان بەهۆی بێ مامۆستاییەوە فێری هیچ نابن. رابەر مامە، یەکێکی دیکە لە کەسوکاری قوتابییەکان، هۆکاری دروستبوونی کێشەکە رووندەکاتەوە و دەڵێت: پار کێشەمان نەبوو، ئەمساڵ دوو مامۆستایان بێ پرس گواستەوە، ئەوە وایکرد کێشە دروست بێت.
لەبارەی کێشەی ئەو قوتابخانەیە، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بۆ چارەسەری کێشەی قوتابخانەی گوندەکانی ئاخجەلەر کۆبووینەوە و هەوڵی چارەسەری کێشەکانیان دەدەین، کە بەشێکی لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، چونکە دامەزراندن نییە و کەمیی مامۆستا هەراسانی کردووین. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە داوایان کردووە بڕیاری داخستنی قوتابخانەی ئامادەییی گەڵناغاج هەڵبوەشێتەوە.

