رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە و هەردوولا جەختیان لە خواستەکانیان بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان کردەوە.
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ریم ئالابانی رادۆڤان، وەزیری فیدراڵی هاریکاری و ئابووری گەشەپێدانی ئەڵمانیا ئەمڕۆ سێشەممە بوو و ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەڵمانیا و کاربەڕێکەری باڵیۆزخانە و کۆنسووڵی وڵاتەکە لە هەولێر تێیدا بەشداربوون.

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەڵێت: پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، برەودان بە هاریکاریی هاوبەش لە بوارەکانی گەشەپێدان، ئابووری، وەبەرهێنان و بەردەوامیی پشتیوانییەکانی ئەڵمانیا بۆ هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، نێچيرڤان بارزانى "سوپاس و پێزانین"ی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیرییە بەردەوامەکانی ئەڵمانیا لە بوارە جیاوازەکاندا دووپات کردەوە و جەختی لە خواستی هەرێمی کوردستان بۆ فراوانکردنی پەیوەندی و هاریکارییەکان لەگەڵ ئەڵمانیا کردەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت: رادۆڤان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و پابەندیی وڵاتەکەی بە بەردەوامیی پشتیوانی و هاریکاری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئابووری و گەشەپێدان و سەقامگیریدا دووپات کردەوە.
دۆخی ئێزدییان، دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.


