رووداو دیجیتاڵ
کۆرێکی رۆشنبیری بەناوی (چۆن ئایین لە کوردستان سەری هەڵدا) ئێوارەی یەکشەممە 15-11-2026 لە هەولێر بەڕێوەچوو و تێیدا د. دیدار عوسمان، پسپۆری مێژوو باسی شوێنەواری خەرابڕەشک (گۆبەکلی تەپە)ی رووهای باکووری کوردستانی کرد.
د دیدار عوسمان بە گەڕانەوە بۆ مێژووی ئەو شوێنەوارەی پارێزگای رووهای باکووری کوردستان گوتی: "ئەو جووتیارانەی لەوێدا جووتیان دەکرد، بینییان هەتا بەردی زیاتر لە زەوییەکانیان بژار دەکەن، لە ژێرەوە بەردی دیکە هەیە. هاوکات بینییان بەردەکان زۆر جیاوازن. زانکۆی ئیستەنبووڵ ساڵی 1964 رووپێوییەکی بۆ ناوچەکە کرد و گەیشتە ئەنجام کە ئەو ناوچەیە شوێنەوارە. ئەوە بوو ناوچەکە پارێزرا و داخرا".
خەرابڕەشک ساڵی 1994 بە سەرپەرشتیی چەند شوێنەوارناسێکی بیانی کنەوپشکنینی بۆ کرا.
د دیدار عوسمان گوتی: "دوای پشکنین دەرکەوت کە لە ژێرەوە جیهانێکی دیکە هەیە و ئەوە شوێنی ژیانی هەزاران ساڵ پێش ئێستا بووە. هەروەها بینییان پەرستگەکە بە شێوەی بازنە دروستکراوە و لەکاتی هەڵکۆڵیندا 20 بازنە بەدوای یەکەوە دۆزرانەوە. لەسەر گردەکە 20 بازنە دۆزرانەوە کە هەر بازنەیەکیش بە کێلی گەورە دەور دراون. لە نێو بازنەکانیشدا دوو کێل هەن کە درێژییەکانیان زیاتر لە شەش مەترە و شێوەی پیتی (T)ی ئینگلیزییان هەیە. جا لەسەر ئەو شوێنانەدا نووسینی جۆراوجۆر هەن کە ئەمانە سەرنجی پسپۆرانیان راکێشا".
بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوە شوێنەوارییەکان، مێژووی خەرابڕەشک بۆ 12 هەزار ساڵ پێش ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە.
لەمبارەیەوە د دیدار عوسمان دەڵێ: "لەکاتێکدا مێژووی ئەو شوێنەوارەی رووها 12 هەزار ساڵە و کشتوکاڵ 10 هەزار ساڵ پێش ئێستا دۆزراوەتەوە، ئەمە نیشانی دەدات پەرستگەی خەرابڕەشک نزیکەی دوو هەزار بەر لە دۆزینەوەی کشتوکاڵ دروستکراوە".
لەبارەی ئەوەی بۆچی ئەو شوێنە بە پەرستگە دەناسرێت، د دیدار عوسمان رایگەیاند، لەو شوێنەدا هاوشێوەی شوێنەوارەکانی دیکە، پاشماوەی ماڵ و شوێنی ژیان نەدۆزراوەتەوە، بەڵکو تەنیا و تەنیا ئەو شتانە دۆزراونەتەوە کە لە پەرستگەدا هەن.
د دیدار هەروەها گوتی: "وێنەی جۆراوجۆر لەسەر ئەو بەردانە هەن، زیاتر ئاژەڵن. وەکو پەنگوین، دۆدۆ (لە قاز نزیکە)، دووپشک، بەراز، پڵنگ و زۆری دیکە. هەروەها هەندێک باڵندە کێشراون کە ئێمە نیمانە و نازانین".
هەروەها ئاماژەی بە خاڵێکی سەرنجڕاکێشی دیکەی لەبارەی وێنانەی مرۆڤ کە لە خەرابڕەشک کێشراون کرد و گوتی: "هەموو ئەو وێنانەی مرۆڤ کە کێشراون، کەللەی سەریان نییە. پسپۆران پێیانوابووە کە ئەوکات دوای کۆچی دوایی مرۆڤەکان، کەللەی سەریان لێ کردوونەتەوە".
هەر کاتێک ناوی شوێنەواری کەچەل بکرێ، بەدوایەوە ناوی شوێنەواری خەرابڕەشک دێت.
شوێنەواری خەرابڕەشک یان گۆبەکلیتەپە لە لیستی شوێنەوارە کولتوورییەکانی یونسکۆ تۆمار کراوە، کۆنترین شوێنەواری باکووری کوردستان و تورکیایە. هەر لەبەر ئەو شوێنەوارەیە بە رووها دەگوترێت، خاڵی سفری ژیان.
شوێنەواری گردی خەرابڕەشک بۆ یەکەمجار لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی نێوان زانکۆی ئیستەنبووڵ و زانکۆی شیکاگۆ دەستنیشان کرا، بەڵام بەهای راستەقینەی ئەو شوێنەوارە مێژووییە ساڵی 1994 دوای دەستکردن بە کارەکانی کنە و پشکنین دەرکەوت.


