رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و هەورەبروسکە لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بووە هۆی بڕانی ئاو و کارەبای 20 گوند لە سنووری شاری گەیەڵان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2026، حیشمەت رەزایی، قایمقامی شاری گەیەڵان رایگەیاند: "بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و هەورەبروسکە، هێڵەکانی گواستنەوەی تەزووی کارەبا و پڕۆژەکانی ئاو لە 20 گوندی ناوچەی وێژنان زیانیان پێگەیشتووە و لە کار کەوتوون."
قایمقامی گەیەڵان ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی چاککردنەوە لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ گەیاندنەوەی خزمەتگوزارییەکان، بەڵام بەهۆی بەردەوامی بارانبارین و سەختیی ناوچەکەوە، کارەکانیان رووبەڕووی زەحمەتی بووەتەوە و تاوەکو ئێستا ئاو و کارەبا بۆ گوندەکان نەگەڕێندراونەتەوە.
حیشمەت رەزایی هۆشداریشی دا کە شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت و ئەگەری بارینی تەرزە و هەورەبروسکەی بەهێز هەیە، داواشی لە دانیشتووان و شوانەکان کرد لە ناوچە شاخاوییەکان و رێڕەوی رووبارەکان دووربکەونەوە.
لە ئێوارەی رۆژی هەینییەوە، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و لە چەند ناوچەیەکی شاخاویش بەفر باریوە؛ بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، کاریگەریی ئەم شەپۆلە تاوەکو رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێت.



