رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ کۆتایی بە شەپۆلی بارانبارین دێت و لە سبەینێوە بەهۆی هاتنی بارستەهەوایەکی ساردەوە پلەی گەرما سێ بۆ چوار پلە دادەبەزێ؛ هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ساڵ بەهۆی دیاردەی (ئێل نینۆ)، بارانبارین بە رێژەی 20٪ بۆ 30٪ لە سەرووی تێکڕای ئاسایی ساڵانەوە دەبێت.
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، زانیاری و وردەکاریی لەبارەی رەوشی کەشوهەوا و پێشبینییەکان خستەڕوو.
کۆتاییهاتنی شەپۆلەکە و دابەزینی پلەی گەرما
فازڵ ئیبراهیم رایگەیاند: "ئەم ناسەقامگیرییەی کەش، ئەمڕۆ یەکشەممە بەشێوەیەکی لاوازتر بەردەوام دەبێت، زیاتر لە دوانیوەڕۆوە بەشێوەی بارانی پچڕپچڕ چالاک دەبێت و تاوەکو شەو بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەمڕۆ کۆتایی بە شەپۆلەکە دێت."
بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی روونیکردەوە کە لە رۆژی دووشەممەوە رەوشەکە ئاسایی دەبێتەوە و گوتی: "بارستەهەوایەکی سارد روو لە ناوچەکانمان دەکات و دەبێتەهۆی دابەزینی بەرچاوی پلەی گەرما بە بڕی 3 بۆ 4 پلەی سیلیزی، پێشبینیش دەکرێ لە ناوچە شاخاوییەکان بەفر ببارێت."
هۆکاری چڕیی بارانبارینی هەولێر
لەبارەی هۆکاری لافاوەکەی هەولێر، فازڵ ئیبراهیم گوتی: "لە ماوەیەکی کورتدا لەنێوان کاژێر 07:00 بۆ 09:00ی شەو، لە بەشی باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر زۆرترین رێژەی دابارین تۆمارکرا."
فازڵ ئیبراهیم ئاماژەی بە دیاردەی "تەقینەوەی هەورەکان" لە شوێنێکی دیاریکراودا کرد و گوتی: "پێشبینیی چڕبوونەوەی بارینەکە کرابوو، بەڵام ناکرێت لە هەموو دۆخێکدا بە دیاریکراوی بڕی دابارین بۆ هەر شوێنێک دەستنیشان بکرێت."
سەبارەت بە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەش جەختی کردەوە کە بەر لە 72 کاژێر راپۆرتی کەشناسی ئامادەکراوە و لە رێگەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنەوە بۆ سەرجەم پارێزگارەکان، سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان و هەردوو وەزارەتی شارەوانی و ناوخۆ نێردراوە.
هەروەها رۆژانە دوو راپۆرت رەوانەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەکان دەکرێ و بەر لە رووداوەکەش دوو کۆبوونەوە بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر بۆ ژووری ئامادەکاریی لافاو ئەنجامدراوە.
کاریگەریی (ئێل نینۆ) و دەستپێکی وەرزی بارانبارین
بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ساڵ بارین بەراورد بە ساڵی رابردوو زووتر دەستیپێکردووە و گوتی، لە کاتێکدا پار باران لە 15ـی تشرینی دووەمەوە دەستیپێکرد، ئەم ساڵ زووتر باری و لە رووی کشتوکاڵییەوە سوودی زۆری دەبێت.
لەبارەی دۆخی گشتیی کەشوهەوای ئەم ساڵیش گوتی: "بەهۆی ئەوەی دیاردەی ئێل نینۆی بەهێز لەسەر ئاستی جیهان زاڵە و هەرێمی کوردستانیش پێی کاریگەر دەبێت، پێشبینی دەکەین رێژەی بارینی ئەم ساڵ لەسەرووی تێکڕای ئاسایی ساڵانەوە بێت بە رێژەی نێوان 20٪ تاوەکو 30٪."
هەروەها گوتی، گۆڕانی کەشوهەوا لە سەرتاسەری جیهان دیاردەی تووندی وەک بارانی بەلێزمە لە ماوەیەکی کورتدا دروستدەکات، بەهۆی ئەوەشەوە کە ئەم ساڵ بڕی بارانبارین لەسەرووی ئاستی ئاسایی دەبێت، مەترسییەکانی وشکەساڵی لەسەر ناوچەکە کەم دەبنەوە.
شەپۆلی بارینی بەخوڕ لە رۆژی پێنجشەممەوە رووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کرد و لە شەوی شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2026 گەیشتە لووتکە. لە شاری هەولێر دروستبوونی لافاو لە چەندین گەڕەک زیانی لێکەوتەوە، ئەمەش وایکرد پارێزگای هەولێر بڕیار بدات رۆژی یەکشەممە لە سەرجەم باخچە و قوتابخانە و زانکۆکاندا پشووی فەرمی بێت.

.jpeg&w=3840&q=75)