رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر رایدەگەیێنێت، بەهۆی شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ و بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی لێڵبوونی ئاوی زێی گەورە بۆ 12,400 NTU، وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو بە شێوەیەکی کاتی رادەگیرێن.
بەپێی راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە کە نیوەشەوی 8ی تشرینی دووەم بڵاوکراوەتەوە، بەرزبوونەوەی رێژەی لێڵی ئاوەکە لە توانای تەکنیکیی وێستگەکانی پاڵاوتندا نەماوە تاوەکو بە ستانداردی جیهانی پاکی بکەنەوە، بۆیە لە پێناو سەلامەتیی تەندروستیی هاووڵاتییان، وێستگەکانی (ئیفراز 1، 2، 3 و فریاگوزاری) راگیراون.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە بۆ چەند کاژێری داهاتوو، دابەشکردنی ئاو لەرێگەی ئەو ئاوەوە بەردەوام دەبێت کە پێشتر کۆگاکراوە.
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بە وردی چاودێریی دۆخەکە و ئاستی لێڵیی ئاوەکە دەکەن. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دەستبەجێ دوای نزمبوونەوەی ئاستی لێڵی و گەڕانەوەی ئاوەکە بۆ دۆخی ئاسایی، وێستگەکان دەخەینەوە کار و دابەشکردنی ئاو ئاسایی دەکەینەوە."


