رووداو - هەولێر
بڕیارە رۆژی یەکشەممە شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی پرسی بودجەی ساڵی 2027 سەردانی بەغدا بکات، ئەوەش پێش کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە تایبەت دەبێت بە پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە.
رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەک روونەدات، بڕیارە سبەی یەکشەممە شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی پرسی بودجەی 2027."
سەرچاوەکە دەڵێت، شاندەکە هەمان شاندی پێشووە و پێکهاتوون لە، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون؛ لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێركاری لە وەزارەتی دارایی، و ئاماژە بەوە دەکات: "بە ئەگەری زۆرەوە دەبێت ئەمجارە بابەتی بودجە یەکلایی بکرێتەوە."
لە سەردانەکانی رابردوودا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری داراییش لە شاندەکە بەشدار بوو، بەڵام بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی جاری رادبردووش نەچوو. لەبارەی سەردانی ئەم جارە هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "وەزیری دارایی لەگەڵ ئەو شاندە ناچێتە بەغدا".
لەلایەکی دیکەوە، د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی کاتی سەردانەکە بە رووداوی گوت: "بڕیارە رۆژی سێشەممە پڕۆژەیاسای بودجە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا تاوتوێ بکرێت تاوەکو بنێردرێت بۆ پەرلەمان، بۆیە دەبێت شاندی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەو کاتە پرسی بودجە لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکاتەوە."
جەمال کۆچەر دەڵێت: "ئەگەر تاوەکو ئەوکاتە یەکلای نەبێتەوە، بێ رەزامەندیی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت بۆ پەرلەمان کە ئەمەش باش نییە و لە بەرژەوەندیی کوردستاندا نییە، بۆیە سەردانی شاندەکە بۆ ئەوەیە پێش سێشەممە ئەو بابەتە یەکلایی بکەنەوە."
پێشتر حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاندبوو کە رۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و "دانیشتنەکە تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027، وەک ئامادەکارییەک بۆ ناردنی بۆ پەرلەمانی عێراق."
لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027، پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.7% جێگیرکراوە، بەڵام ناردنی پشکەکە بە چەند مەرج و پابەندییەکەوە بەستراوەتەوە، لە سەروویانەوە رادەستکردنی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان.
هاوکات میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی قەرزە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی 2004 تاوەکو 2026 لەنێوان هەولێر و بەغدا دانراوە کە بڕەکەی بە 12 تریلیۆن و 775 ملیار دینار خەمڵێندراوە و بڕیارە لە سێ ساڵدا چارەسەر بکرێن، لەگەڵ ئەو قەرزانەی هەرێمی کوردستان کە لای بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) هەیەتی.




