رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، واشنتن پشتگیری لە هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و خۆڕاگر دەکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "هانی سەرجەم لایەنەکان دەدەین بە خێرایی و شێوازێکی بنیاتنەرانە کار لەسەر ئەو پرسانە بکەن کە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکەن".
رۆژی چوارشەممەی رابردوو پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژارد، ئەوەش دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. هەمان رۆژ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن لەبارەی کۆبوونەوەکە پرسیاری ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد.
رۆژی شەممە، 7-11-2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی دیار کوردەی دایەوە و گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتەکەوە دەڵێ: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگیری لە هەرێمێکی کوردستانی عێراقی بەهێز و خۆڕاگر دەکات، کە وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی پەیوەندییە بەرفراوانەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق دەمێنێتەوە".
ئەو گوتەبێژە هەروەها دەڵێ: "هانی سەرجەم لایەنەکان دەدەین بە خێرایی و بە شێوازێکی بنیاتنەرانە کار لەسەر ئەو پرسانە بکەن کە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکەن".
گوتەبێژەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندە بە هاوبەشەکانی لە سەرانسەری عێراقدا کە کار بۆ بونیاتنانی وڵاتێکی بەڕاستی خاوەن سەروەری، سەقامگیر و گەشەسەندوو دەکەن".


.jpg&w=3840&q=75)
