رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگاکانی دیلۆک و مێردینی باکووری کوردستان، 21 کەس بریندار بوون. لە نزیک شاری دیلۆک، پاسێکی نەفەرهەڵگر وەرگەڕا و 15 کەس بریندار بوون. لە مێردینیش لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێل 6 کەس بریندار بوون.
دیلۆک؛ مینی پاسێک وەرگەڕا و 15 کەس بریندار بوون
رووداوەکە لە رێگەی خێرای دیلۆک-سەمسوور روویدا. شۆفێری پاسێکی نەفەرهەڵگر، بەهۆی بارانبارین و خلیسکانی رێگەکەوە کۆنترۆڵی پاسەکەی لەدەستدا و وەرگەڕا.
لە ئەنجامدا شۆفێری پاسەکە و 14 سەرنشینی بریندار بوون.
دوای رووداوەکە، ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی تیمەکانی فریاگوزاری رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
هەر 15 بریندارەکە دوای چارەسەری سەرەتایی، بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانەکانی دیلۆک گوێزرانەوە. دۆخی تەندروستیی چوار لە بریندارەکان ناجێگیرە.
مێردین؛ 6 کەس بریندار بوون کە چواریان منداڵن
لە رووداوێکی دیکەدا لە قەزای وۆسەر سەر بە پارێزگای مێردین، ئۆتۆمبێلێک و بارهەڵگرێك پێکیاندادا.
لە رووداوەکەدا 6 لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە بریندار بوون کە چواریان منداڵن.
دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی فریاگوزاری، ئاگرکوژێنەوە و پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا، ئاماری فەرمیی رووداوەکانی هاتووچۆ لە 9 مانگی ئەم ساڵ (ماوەی نێوان کانوونی دووەم - ئەیلوول) لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، 519 هەزار و 454 رووداوی هاتوچۆ تۆمارکراون. لەو ماوەیەدا هەزار 628 کەس بە رووداوی هاتوچؤ گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 311 هەزار کەسیش بریندار بوون.


.jpeg&w=3840&q=75)