رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینیش دەکرێ لە بەشێک لە ناوچەکان تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام بێت.
کۆتایی هەفتە شەپۆلێکی نوێی بارانبارین کرماشان دەگرێتەوە
محەممەدعەلی زورئاوەند، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی پارێزگای کرماشان دەڵێ، ئەمڕۆ دووشەممە ئەگەری بارانی بەخوڕ و هەورەبرووسکە لە هەندێ ناوچەی پارێزگاکە هەیە.
زورئاوەند ئەوەشی خستەڕوو کە ناسەقامگیریی کەشوهەوا لە رۆژانی داهاتوویشدا بەردەوام دەبێت و بارانی پچڕپچڕ بەشێک لە ناوچەکان دەگرێتەوە؛ هەروەها گوتی: "لە رۆژانی کۆتایی هەفتەدا، بەتایبەتی پێنجشەممە و هەینی، شەپۆلێکی نوێ روو لە ناوچەکە دەکات کە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای کرماشان دەگرێتەوە."
بارانبارین لە ورمێ تاوەکو کۆتایی هەفتە بەردەوام دەبێت
بەپێی کەشناسیی پارێزگای ورمێ، شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە پارێزگاکە کردووە و تاوەکو کۆتایی هەفتە لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوام دەبێت.
وەک کەشناسیی ورمێ دەڵێ، بارانەکە هەندێ جار هەورەبرووسکەی لەگەڵ دەبێ؛ هەروەها لە هەندێک شوێن بای بەهێز هەڵدەکات و لە هەندێک شوێنی دیکە تەم دەبێ.
بارانبارین لە سنە و لوڕستان
نەشمیل ئەحمەدیانی، شارەزای کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی پارێزگای سنە دەڵێ، بارانبارین بە شێوەی پچڕپچڕ لە بەشێک لە کاژێرەکانی شەو و رۆژدا تاوەکو دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت.
بە گوتەی نەشمیل ئەحمەدیانی، بای بەهێز هەندێک شوێن دەگرێتەوە و هەندێ جاریش هەورەبرووسکە روودەدات.
بێهروز مورادپوور، بەڕێوەبەری کەشناسیی لوڕستانیش رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی لە بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگای لوڕستان بارانی پچڕپچڕ دەبارێ.
دەکرێ بارانبارینی ئیلام زیانی هەبێ
سیرووس نادری، بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای ئیلام، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەواوە هۆشداریی ئەگەری هەبوونی زیان راگەیێندراوە و گوتی، کاریگەریی ئەم شەپۆلە تاوەکو درەنگانی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەری کەشناسیی ئیلام روونیکردەوە: "دۆخەکە بەو جۆرەیە کە لە ماوەیەکی کەمدا بڕێکی زۆر باران دەبارێ. هەورەبرووسکە، بای لەناکاو، تەرزە لە ناوچە شاخاوییەکان، کۆبوونەوەی ئاو لە شەقامەکان و دروستبوونی لافاو لە مەترسییە سەرەکییەکان روودەدار."

.jpeg&w=3840&q=75)
