رووداو دیجیتاڵ
دوو سەرچاوەی ئاگادار بە رووداویان گوت، پەکەکە هەموو پێگە و شوێنەکانی لە سنووری چیای قەرەچووخ چۆڵکردووە.
سەرچاوەیەکی سەربازی لە قەرەچووخ، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاتێک لە ساڵی 2023دا تورکیا هێرشەکانی بۆسەر قەندیل چڕکردەوە، گوشاریشی خستە سەر سوپای عێراق کە دەبێت گەریلا لە کەمپی مەخموور نەمێنێت و تەنانەت چەند جارێکیش کەمپەکەی بۆردوومان کرد، ئەوە بوو پەکەکە بڕیاری دا لە کەمپەکە بکشێتەوە".
ئەو سەرچاوەیە دەڵێ: "پەکەکە هێزی لە بناری قەرەچووخ مایەوە کە نزیک کەمپەکە بوو و دەیانگوت پاسەوانیی کەمپەکە دەکەن".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد، ساڵێک دوای ئەوەی پەکەکە گەریلاکانی لە کەمپی مەخموور کشاندەوە، شوێنەکانی خۆی لە بناری چیای قەرەچووخیش چۆڵ کرد، کە 10 خاڵی سەربازی هەبوو.
بەگوێرەی سەرچاوەکەی رووداو، ئێستا بناری چیای قەرەچووخ بەشێکی لەدەست هێزەکانی پێشمەرگەیە و بەشێکی زیاتری لەدەست سوپای عێراقە.
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە کە لەگەڵ سوپای عێراق سەردانی کەمپی مەخمووری کردووە، "بەشێکی کەمی بناری قەرەچووخ بەدەست پەکەکەوە بوو، بەڵام دوای ئەوەی بە تەواوی چۆڵی کرد، ئیدی سوپای عێراق و پێشمەرگە رێککەوتن کە پێنج خاڵی ناوچەکە بۆ سوپا بێت و پێنجەکەی دیکەش هێزەکانی پێشمەرگە چوونە شوێنیان. ئێستا هەردوو هێزەکە لە شوێنی پێشتری پەکەکە جێگیر کراون".
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، ئێستا کەمپی مەخموور کە خۆیان ناویان ناوە "کەمپی شەهید رۆستەم جوودی" لەلایەن پۆلیسی فیدراڵیی عێراقەوە گەمارۆ دراوە و تەلەبەندیش کراوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "دوو پرسگەی پۆلیسی فیدراڵی هەن تاوەکو دەچیتە نێو کەمپەکە، بۆیە جووڵەی نێو کەمپەکەشیان زۆر قورسکردووە و دەوروبەریشی رێگەی هاتووچۆی کەسی پێ نادرێ و هیچ هێزێکی پەکەکەی لێ نەماوە، تەنانەت رێگە نادرێت سەردانی شوێنە کۆنەکانیشیان بکرێت".
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی دیکەی نزیک لە پەکەکە بە رووداوی گوت: "چۆڵکردنی خاڵە سەربازییەکانی پەکەکە دەگەڕێتەوە بۆ دوو ساڵ لەمەوبەر، ئەوکات هەموو ئەو شوێنانەی هەبوون چۆڵکران، بە تونێل و خاڵی سەربازییەوە".
ئەو سەرچاوەیە گوتی کە "هێزی گەریلای پەکەکە لە سنووری چیای قەرەچووخ نەماوە، هەروەها هێزی عێراقی کەمپەکە دەپارێزێ و ئەوەی هەیە لەنێو کەمپەکەدا ئاسایشی ناوخۆی کەمپەیە و چەکداری لێ نەماوە".
بەگوێرەی هەردوو سەرچاوەکەی رووداو، لە دوو ساڵی رابردوودا سوپای عێراق گوشاری لەسەر بەرپرسانی کەمپی مەخموور کردووە کە نابێت چەکداریان هەبێت و لەو چوارچێوەیەشدا گەریلاکانی پەکەکە لە ساڵی 2024 لە بناری قەرەچووخ کشاونەتەوە.
کەمپی مەخموور لە ساڵی 1998ـەوە لە بناری چیای قەرەچووخ لە رۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردی باکووری کوردستان دروستکراوە و دانیشتووانەکەی زیاتر لە 10 هەزار کەسن.

