رووداو دیجیتاڵ
قاسم ئیبراهیم حافز دەڵێ، ئەمڕۆ یان سبەی وەک بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لە دیوانی پارێزگای کەرکووک دەستبەکاردەبێتەوە.
قاسم ئیبراهیم حافز، ئەمڕۆ دووشەممە (2ی تشرینی یەکەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەستبەکاربوونی وەک بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لە دیوانی پارێزگای کەرکووک پێویستی بە هەندێک رێکاری کارگێڕییە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەمڕۆ یان سبەی لە پۆستەکەم دەستبەکاردەبمەوە".
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە 2ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی فەرمانێکی کارگێڕیی پارێزگای کەرکووک، رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2026 بە واژۆی ئیبراهیم عەلی تەمیم، جێگری تەکنیکی پارێزگاری کەرکووک دەرکراوە، بڕیاردراوە بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی پێشووی کارگێڕی (ژمارە 1269 لە 28ی حوزەیرانی 2026) و گەڕاندنەوەی قاسم ئیبراهیم حافز بۆ پۆستی بەڕێوەبەری بەشی پلاندانان لە دیوانی پارێزگای کەرکووک.
بەگوێرەی فەرمانە کارگێڕییەکە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بڕیارەکە پاڵپشت بە بڕیاری دادگەی دادی فەرمانبەران لە 9ی ئابی 2026 دراوە، کە دواتر بە بڕیاری دادگەی باڵای کارگێڕی لە 14ی تشرینی یەکەمی 2026 (پلەی کۆتایی) وەرگرتووە.
محەممەد قاسم حافز سەر بە پارتی تەقەدوومە بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی. لە 28ی حوزەیرانی 2026، محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک کە ئێستا بووەتە وەزیری دەوڵەت لە حکومەتی عێراق، فەرمانێکی کارگێڕیی دەرکرد بۆ لادانی قاسم حافز لە پۆستی بەڕێوەبەری پلاندانان و بەدواداچوون.
لە 5ـی 9ـی2024، بە بڕیاری رێبوار تەها، پارێزگاری ئەوکاتی کەرکووک، قاسم ئیبراهیم حافز وێڕای پۆستی بەڕێوەبەری پلاندانانی پارێزگا، ئەرکی جێگری پارێزگار بۆ کاروباری تەکنیکی پێسپێردرا.

