رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی شنگال و مافی بڕیاردانی ئێزدییەکان بڵاوکردەوە رایگەیاند کە هیچ لایەنێک بۆی نییە لەبری ئێزدییەکان بڕیار لە چارەنووسیان بدات؛ هاوکات پێشنیازی ئەنجامدانی راپرسییەک لەنێو ئێزدییەکاندا دەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ماوەیەکە سەبارەت بە رەوشی شنگال و چارەنووسی خوشک و برایانی ئێزدی، کۆمەڵێک کەس و لایەن دەرکەوتوون کە رێگە بە خۆیان دەدەن لێدوانی نابەرپرسیارانە و بۆچوونی نابەجێ بە ئاراستەی دژایەتیکردنی پارتی بخەنەڕوو".
مەکتەبی رێکخستنی نەینەوای پارتی ئاماژە بەوەش دەکات کە "لە هەموو قۆناخەکان و لە هەر بارودۆخێکدا، پارتی دیموکراتی کوردستان بەرگریکاری سەرەکیی شنگال و بەرژەوەندیی خوشک و برایانی ئێزدی بووە، ئەمەشی بە ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی زانیوە و لەو بەرگریکردنەش بەردەوام دەبێت".
سەبارەت بە مافی بڕیاردان لە داهاتووی ناوچەکە، لە راگەیێندراوەکەدا بە تووندی هۆشداری دراوە لە دەستوەردان لە ئیرادەی پێکهاتەی ئێزدی: "تەنیا دانیشتووانی شنگال و ئێزدییەکان خۆیان ئەو مافەیان هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان و داهاتوویان بدەن. هیچ کەس و لایەنێکی دیکە بۆی نییە لە جیاتی ئێزدییەکان بڕیار لە چارەنووسیان بدات و خەت و نیشانیان بۆ دیاری بکات".
وەک وەڵامێک بۆ ئەو لایەنانەی لێدوان لەسەر دۆخی شنگال دەدەن، پارتی دیموکراتی کوردستان داوای راپرسی دەکات و دەڵێت: "ئەگەر ئەو لایەنانە زۆر خۆیان بەپەرۆشی دۆخی شنگال و ئێزدییەکان دەزانن، با راپرسییەک لەنێو خوشک و برایانی ئێزدی بکرێت و ئێزدییەکان چ بڕیارێکیان دا، دەبێت هەموو لایەک بەڵێنی ئەوە بدەن پابەندی خواست و بڕیاری ئێزدییەکان بن و رێز لە ئیرادەیان بگرن".
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەشدا هاتووە: "جگە لەوە، هیچ کەس و لایەنێک مافی ئەوەی نییە خۆی بکاتە دەمڕاست و خاوەنی چارەنووس و داهاتووی ئێزدییەکان و دەست لە کاروباریان وەربدات".



