رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کەشناسیی پارێزگای ورمێ پێشبینی دەکات لە رۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز روو لە ناوچەکە بکات، هۆشداریش دەدات، ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.
مەهدی سابری، سەرۆکی کەشناسیی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، پێشبینی دەکرێ لە بەیانیی رۆژی هەینی، 30-10-2026ـەوە شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ، هەورەبرووسکە و بایەکی بەهێز روو لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە بکات.
بە گوتەی مەهدی سابری، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە ورمێ کردووە، پێشبینیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان، ژێرئاوکەوتنی شۆستە و شەقامەکان و کەمبوونەوەی مەودای بینین دەکرێت.
سابری هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان، خۆیان لە چوونە نزیک رووبار و رێڕەوە ئاوییەکان ببوێرن و نەچنە چیا و ناوچە شاخاوییەکان.
هۆشدارییەکە لەکاتێکدایە، رۆژی 22-10-2026، لە ئەنجامی بارینی تەرزە و بارانی بەخوڕ لە سنووری شاری سەڵماسی پارێزگاکە، لافاو دروستبوو و لە ئەنجامدا منداڵێک و دوو پیاو گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.


