رووداو دیجیتاڵ
سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بادینان رایدەگەیێنێت، سەردانی چوار رۆژەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگای دهۆک "زۆر سەرکەوتوو" بوو و لەو سەردانەدا لە نزیکەوە گوێ لە داواکاری و کێشەکانی خەڵک و توێژە جیاوازەکان گیراوە. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا کار دەکرێت تاوەکو لە سەرەتای مانگی 11ـدا نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت.
ئامانجی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ دهۆک
سەربەست لەزگین کە میوانی پۆدکاستی "بە کاتی دهۆک" بوو لە رادیۆی رووداو، ئاماژەی بەوە کرد، مەسرور بارزانی لە رێگەی کۆبوونەوە بەرفراوانەکانەوە لەگەڵ کاسبکار، پیشەوەر، مامۆستایانی ئایینی، کەسایەتی، خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان، بە شێوەیەکی راشکاوانە گوێی لە نیگەرانی و داواکارییەکانی خەڵک گرتووە.
دابینکردنی نەوتی سپی و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان
سەبارەت بە کێشە و داواکارییە سەرەکییەکان، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی بادینان ئەوەی خستە روو کە دابینکردنی نەوتی سپی بۆ وەرزی زستان یەکێک بووە لە بابەتە زۆر زەقەکان. لەبارەی کەرتی تەندروستیشەوە، ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆکوەزیران فەرمانی تەرخانکردنی بڕی 5 بۆ 6 ملیار دیناری داوە بۆ دابینکردنی ئامێرە پزیشکییەکان و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی نەخۆشخانەی ئازادی، لە داهاتووشدا نەخۆشخانەیەکی نوێی سەردەمی لە تەناهی بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان دروست دەکرێت.
پاڵاوگە و پرۆژەکانی رێگاوبان
سەربەست لەزگین ئاشکرای کرد، داواکارییەکی زۆر پێشکەش کراوە بۆ دانانی پاڵاوگەیەکی گەورەی پاڵاوتن و بەرهەمە نەوتییەکان لە بادینان، تاوەکو پێداویستیی ناوچەکە لە ناوخۆدا چارەسەر بکرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش بە شێوازێکی ئەرێنی کاری لەسەر دەکەن.
سەبارەت بە پرۆژەکانی رێگاوبان لە دەڤەرەکانی ئامێدی، زاخۆ، ئاکرێ و بەردەڕەش، جەختی کردەوە کە حکومەت جیاوازی لە نێوان ناوچەکاندا ناکات و بەپێی بودجە و توانای دارایی، لەپێشینەیی دراوە بە پرۆژەکانی رێگاوبان و گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری و ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران.
دۆخی شنگال و پەکەکە
سەربەست لەزگین رەخنەی تووندی لە رۆڵی پەکەکە گرت و رایگەیاند، بوونی پەکەکە لە شنگال و تێکەڵبوونیان لەگەڵ حەشدی شەعبی زیانی گەورەی بە ناوچەکە گەیاندووە. ئەو گوتی: "خەڵکی شنگال و ئێزدییەکان قبووڵ ناکەن شنگال لە کوردستان جودا بکرێتەوە." هەروەها هۆکاری مانەوەی ئاوارەکانی لە کەمپەکاندا گەڕاندەوە بۆ نەبوونی زەمینەیەکی ئەمنی و سیاسیی لەبار لە شنگالدا.
سەربەست لەزگین باسی لە کردنەوەی لقی نوێی پارتی لە بەردەڕەش کرد و بە "پێویستییەکی مێژوویی و جەماوەری" بۆ خزمەتکردنی ناوچەکە وەسفی کرد. سەبارەت بە عەشیرەتگەری و ناوچەگەری لە دهۆکیش، جەختی کردەوە کە ئەم دیاردانە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا نین و پێویستە هەمووان بە هەستی نیشتمانییەوە مامەڵە بکەن.

