رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا بۆ تاوتوێکردن و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، میوانداریی وەزیرانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات. یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێ، ئەگەر ئەو پرسە یەکلانەکرێتەوە لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵا تۆمار دەکەن.
لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دوێنێی سێشەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2026 لەگەڵ حوسام عەبدولستار، سەرۆکی دەستەی خانەنشینیی نیشتمانیی عێراق کۆبوەوە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە بەشێکی کۆبوونەوەەکدا باسیان لە کێشەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەت پرسی پێدانی 6 مووچە لەبری 12 مووچە وەک پاداشتی کۆتایی خزمەت و درەنگکەوتنی راییکردنی مامەڵەکانیان کە لە شەش مانگ تاوەکو ساڵێکی پێدەچێت.
بەپێی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، پاداشتی کۆتایی خزمەت 12 مووچەیە.
بە گوتەی د. جەمال کۆچەر، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی دەستەی خانەنشینیی نیشتمانیی عێراق بێئاگایی خۆی لە هۆکاری دواکەوتنی مامەڵەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان نیشانداوە و گوتوویەتی: "دواکەوتنەکە پەیوەندیی بە بەغداوە نییە، هەر مامەڵەیەک لە هەرێمی کوردستانەوە تەواو بکرێت و بگاتە دەستمان، دەستبەجێ کاری لەسەر دەکەین".
جەمال کۆچەر پێی وابوو، لە هەرێمی کوردستانەوە درەنگ مامەڵەی خانەنشینان تەواو دەکرێت، بۆیە خەرجکردنی مووچەکانیان دوادەکەوێت، هەروەها بە گوتەی سەرۆکی دەستەی خانەنشینیی عێراق، تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە لێبڕینی خانەنشینیی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەخراوەتە نێو سندوقی خانەنشینیی عێراقەوە و زانیاریشی نییە پارەکە لای وەزارەتی دارایی عێراق بێت یان نا.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاردراوە بەم نزیکانە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان وەزیرانی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆکی دەستەی خانەنشینیی هەردوولا بەڕێوەبچیت، بۆ ئەوەی رێگەچارەیەکی بنەڕەتی بۆ ئەو گرفتانە بدۆزرێتەوە، گوتیشی: "دەکرێت کۆبوونەوەکە لەنێوان هەولێر و بەغدا لە لیژنەی دارایی پەرلەمان بێت و ئەوانیش چاودێر و هاوکار دەبن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە".
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمیی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بڕیاردراوە لە دانیشتنەکانی داهاتوودا هەردوو وەزیری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان بانگهێشت بکرێن و داوای زانیاری و داتای پێویستیان لێ کراوە، بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی و کارگێڕیی پێویست بگرنەبەر.
سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو شەش مووچەیەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، پاداشتی کەڵەکەبووی مۆڵەتی ساڵانەیە و پەیوەندیی بە 12 مووچەکەی پاداشتی کۆتایی خزمەتەوە نییە، چونکە تاوەکو ئێستا ئەو 12 مووچەیە بۆ خانەنشینانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکراوە و لە عێراق خەرج دەکرێت، بۆیە پێویستە هەولێر و بەغدا بە زووترین کات ئەم پرسە یەکلایی بکەنەوە."
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان روونیکردەوە کە لە ساڵی 2014ـەوە مانگانە 10%ی مووچە خانەنشینی دەبڕدرێت، لە کاتێکدا ئەو پارەیە دەدرێتە وەزارەتی دارایی عێراق، لە بەرامبەردا دەبێت بەغدا پابەند بێت بە خەرجکردنی سەرجەم شایستە داراییەکانی خانەنشینان، ئەمەش وا دەخوازێت هەردوو حکومەت لەسەر ئەم پرسە بگەنە رێککەوتن.
سەبارەت بە درەنگکەوتنی مامەڵەی خانەنشینبوونیش، سادق عوسمان باسی لەوە کرد، لە رابردوودا مامەڵەکان زۆر دوادەکەوتن و لە شەش مانگەوە تاوەکو ساڵێکیان پێدەچوو، بەڵام بەم دواییانە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە پەلە لە راییکردنی مامەڵەی خانەنشیناندا بکرێت و نابێت بە هیچ شێوەیەک دوابکەوێت.
گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان هۆشداریدا و گوتی: "ئەگەر هەولێر و بەغدا ئەم پرسە یەکلایی نەکەنەوە و شایستە داراییەکان لە یاسای بودجەی گشتیی 2027ـدا جێگیر نەکرێن، ئەوا لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر ئەو لایەنە تۆمار دەکەین کە لە جێبەجێکردنی مافەکانماندا کەمتەرخەم بووە."
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە 22ی تشرینی دووەمی 2022دا حکومەتی هەرێمی کوردستانی پابەند کرد بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق (ژمارە 9ی ساڵی 2014)، بەڵام بڕیارەکە تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 نەخرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 312 هەزار خانەنشین هەن، کە 164 هەزاریان خانەنشینی شارستانی و 148 هەزارەکەشیان خانەنشینی سەربازین.
.webp&w=3840&q=75)


