رووداو دیجیتاڵ
وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەستیپێکرد و ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێ، پێشبینی دەکرێ زوو پارە بنێردرێ.
رۆژی سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، زیرەک تەیار زێباری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشکردنی مووچە لە عێراق کرا و بەشێکی بەرچاوی فەرمانبەران مووچەیان وەرگرتووە. چاوەڕوان دەکرێ لە چەند رۆژی کەمی داهاتوودا دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق تەواوبێت. ئەگەر هیچ ئاستەنگێک نەیەتە پێش، راستەوخۆ دوای ئەوە پارەی هەرێمی کوردستان دەنێردرێ."
لەبارەی دەستپێکردنی رێکارەکانی وردبینیکردن لە لیستەکەدا، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "ئەمڕۆ وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 10ـی هەرێمی کوردستان لە عێراق دەستیپێکرد و لە رۆژانی داهاتوودا تەواو دەبێت".
زیرەک تەیار زێباری گوتی:"پێشبینی دەکرێ زوو پارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکرێ."
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ لیستەکە رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کرا بۆ وردبینی و پرۆسەکە دەستیپێکردووە. هەر کاتێک پارەکە بنێردرێ، ئێمە ئامادەین و راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەین."
رۆژی 22-10-2026، شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم (مانگی 10) و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوولی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرد.
بۆ پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی پێشوو، بەپێی خشتەی راگەیێنراوی وەزارەتی دارایی، رۆژی 11-10-2026 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب کرا و پرۆسەکە تاوەکو 14ـی تشرینی یەکەم بەردەوام بوو.
.webp&w=3840&q=75)


