رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بۆ زیاتر لە هەفتەیەک بەهۆی نوێکردنەوە و گوشاری زۆر راگیرا، بەرنامەی پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک لە عێراق و هەرێمی کوردستان کارا کرایەوە و هاونیشتمانییان دەتوانن دەست بە ئەنجامدانی مامەڵەکانیان بکەنەوە.
رۆژی سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی زیاتر لە هەفتەیەک بوو بەرنامەی پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی نوێکردنەوە و زۆریی گوشار لەسەر سیستمەکە راگیرابوو، ئێستا بە تەواوی کارا کراوەتەوە."
لەبارەی ئەنجامدانی مامەڵەی هاونیشتمانییان، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی: "ئێستا هیچ کێشەیەک لە بەردەم مامەڵە نییە. هاونیشتمانییان دەتوانن هەر مامەڵەیەکیان هەبێت، لەوانە بابەتی هاوژینی، زیادکردنی منداڵی تازە لەدایکبوو و گواستنەوەی پسوولە، بە ئاسانی لە رێگەی بەرنامەکەوە ئەنجامی بدەن."
سەبارەت بە ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی تۆمار کراون، نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوە کرد: "لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار کەس بوونەتە خاوەنی پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراک، کە ئەوەش زیاتر لە 95%ـی کۆی هاونیشتمانییان پێکدەهێنێت."
یەکەم جار 2ـی حوزەیرانی 2025، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک، پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت.



.webp&w=3840&q=75)