رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، دەستیان بەسەر 671 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە و پەیوەست بە دۆسیەکەش 159 بازرگان و فرۆشیار دەستگیر کراون. ئەمڕۆ سێشەممە، 27ی تشرینی یەکەمی 2026، عەقید ئیقبال کەرەمی، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە کرماشان بە میدیاکانی راگەیاند: "لە چوارچێوەی هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی تۆڕەکانی بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆن لە سنووری پارێزگاکە بەڕێوەچوو." بەگوتەی کەرەمی، لە ئەنجامی هەڵمەتەکەدا دەست بەسەر 671 کیلۆگرام لە جۆرە جیاوازەکانی ماددەی هۆشبەر و 636 جۆر دەرمانی قەدەخەکراودا گیراوە. سەبارەت بە دەستگیرکراوان، بەڕێوەبەری پۆلیسی ماددە هۆشبەرەکانی کرماشان ئاشکرای کرد: "پەیوەست بەم دۆسیەیە 18 قاچاخچیی گەورە و 141 فرۆشیاری ماددەی هۆشبەر دەستگیر کراون و رەوانەی دادگە کراون؛ هاوکات 325 بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەریش دەستبەسەر کراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە." پارێزگای کرماشان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە، لەسەر یەکێک لە هێڵە سەرەکییەکانی ترانزێت و بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر هەڵکەوتووە بەرەو سنوورەکان، بەجۆرێک ساڵانە لە سنووری ئەو پارێزگایەدا دەست بەسەر زیاتر لە 15 تۆن ماددەی هۆشبەردا دەگیرێت.