رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شارۆچکەی هەرسینی سەر بە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەرزشڤانێکی ناسراویان دەستبەسەر کردووە و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی کەسوکارەکەی، تاوەکو ئێستا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، رۆژی دووشەممە، 26ی تشرینی یەکەمی 2026، محەممەد ناسری، ناسراو بە ئەحەد، وەرزشڤانی کورد و بەڕێوەبەری یانەیەکی لەشجوانی لە شارۆچکەی هەرسینی سەر بە پارێزگای کرماشان، دوای ئەوەی لە لایەن لقی 16ی دادگەی گشتی و شۆڕشی کرماشانەوە بانگهێشت کراوە بۆ لێپرسینەوە، دەستبەجێ دەستبەسەرکراوە.
بەپێی زانیارییەکان، بانگهێشتکردن و دەستگیرکردنەکەی بەهۆی چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر دۆخی ئابووریی خەڵکدا بووە و بە "بانگەشەکردن دژی حکومەت" تۆمەتبار کراوە.
بەڵام محەممەد ناسری، پێشتر و پێش لە دەستبەسەرکردنی، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە ئینستاگرامەکەیدا بڵاوکردووەتەوە، رەتیدەکاتەوە، پروپاگەندە یان هیچ جۆرە چالاکییەکی لە دژی حکومەت کردبێ.
ناسری لەو ڤیدیۆیەدا دەڵێت، ئەو پێشتر تەنیا رەخنەی لە غولامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئێران گرتووە، لەبەرئەوەی لەو بڕوایەدایە، ئەو کەسانە هیچ کەڵکیان بۆ خەڵک نییە.
سەڕەرای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی ئێران تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان لە بارەی دەستگیرکردنەکەی و شوێنی راگرتنەکەی بڵاونەکردووەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا لانیکەم 120 کەس لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کراون.
