رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ئیلام رایگەیاند، لە ماوەی 7 مانگی ئەمساڵدا بە بەهای 560 ملیۆن دۆلار کاڵا لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی مێهرانەوە هەناردەی عێراق کراوە، ئاماژە بەوەش دەکات، هەناردەکردن بەراورد بە پار کەمی کردووە. ئەمڕۆ سێشەممە، 27ی تشرینی یەکەمی 2026، سۆهراب کەمەری، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: "لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە (21-03-2026) تاوەکو 21ـی تشرینی یەکەم، قەبارەی هەناردەی کاڵا لە مێهرانەوە گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 300 هەزار تۆن کە بەهاکەی 560 ملیۆن دۆلار بووە." بەگوتەی کەمەری، کاڵا هەناردەکراوەکان بریتی بوون لە: ئامێری کشتوکاڵی، شووشە، شیش و ئاسن، ماسی، بەرهەمە پلاستیکییەکان، لەگەڵ بەرد و کاشی. بەڕێوەبەری گومرگی ئیلام ئاماژەی بەوەش کرد، بەراورد بە هەمان ماوەی پار ئاستی هەناردەکردن دابەزیوە، بەجۆرێک لە تەواوی پاردا دوو ملیۆن و 384 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار و 318 ملیۆن دۆلار هەناردە کرابوو. دەروازەی سنووریی مێهران بە دووریی 85 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای شاری ئیلام و لە دیوی عێراقەوە هاوسنوورە لەگەڵ دەروازەی زڕباتییە لە پارێزگای واست؛ ئەم دەروازەیە یەکێکە لە گرنگترین خاڵە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق و رێڕەوی سەرەکیی گەشتیارانی ئایینییە بۆ ناوچە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا.