رووداو دیجیتاڵ
عەرەبی هاوردە بە "زەبرى هێز" دەچنە سەر 43 دۆنم زەوی جووتیارێکی کورد لە کەرکووک و دوای داگیرکردنەوەی بە گەنم دەیچێنن، دۆسیەکە لەلایەن زخاوەنى زەوییەکە دەبرێتە دادگە بۆ یەکلاکردنەوەی.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، کێشە بۆ زەوی کشتوکاڵی جووتیاری کورد لە دووبز دروست بووە و لەلایەن عەرەبی هاوردە داگیرکراوە.
ئەو 43 دۆنم زەوییە لە گوندی نادراواى سنووری قەزای دووبزە، 20ی تشرینی یەکەم لەلایەن ژمارەیەک عەرەبی هاوردەوە داگیرکراوە.
باوان عەباس، کوڕی خاوەنی زەوییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانەی زەوییەکانیان داگیرکردین عەرەبی هاوردەن و فەرماندەی فەوجی حەشدی شەعبی بوون، ئێمە پێشتر ئەو زەوییانەمان بە جۆ چاندبوو، لە دوای داگیرکردنی، عەرەبە هاوردەکان کێڵایانەوە و بە گەنم چاندیان".
ئەو زەوییانەی لە کەرکووک بەگوێرەی مادەی 140 دەبێت خاوەندارێتیان بە یەکجارى بۆ جووتیارانی کورد بگەڕێتەوە، ئێستا بە گرێبەستی کشتوکاڵی کاریان لەسەر دەکرێت.
بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە، خاوەنە کوردەکەى ئەو زەوییانە پەنای بۆ دادگەی دووبز بردووە کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکەم دانیشتن لەبارەی سکاڵاکەی بکات.
باوان عەباس رایگەیاند، گرێبەستی نوێی کشتوکاڵیان لەسەر ئەو 43 دۆنم زەوییە هەیە و بڕیارە دادوەر بە فەرمی داوای روونکردنەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ بکات لەسەر گرێبەستەکەی.




