رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە 100 خێزانی ئاوارەی کوردی رۆژئاوای کوردستان، کاتێک بۆ وەرگرتنەوەی ماڵ و زەوییەکانیان گەڕانەوە شاری گرێ سپی، لەلایەن سەدان کەسەوە بەردباران کران و ژمارەیەک لە ئۆتۆمبێلەکانیان سووتێندران؛ هاوکات هاووڵاتییان بۆ پاراستنی گیانیان لە نێو باڵەخانەیەکی فەرمیدا پەنایان گرت و گەمارۆ دران.
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، ئەو خێزانە کوردانە کە ژن و منداڵیان لەگەڵدا بووە، لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەکە چووبوونە گرێ سپی بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکانی گەڕانەوەیان، بەڵام لە بەردەم باڵەخانەی ئیدارەی ناوچەکە لەلایەن کۆمەڵێک کەسی عەرەبەوە پەلامار دران.
هێرشبەران بەردبارانی خێزانەکانیان کرد و ئاگریان لە چەندین ئۆتۆمبێل بەردا، بەوهۆیەوە ئاوارەکان ناچار بوون بۆ چەندین کاژێر لە نێو باڵەخانەی فەرمانگەکەدا خۆیان حەشار بدەن.
ئەمە دووەمین هێرشی لەو شێوەیەیە لە مانگی ئابی رابردووەوە دژی ئەو کوردانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
ئاسایشی ناوخۆ: چاوپۆشی ناکەین و تێکدەران سزا دەدەین
فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای رەققە لە راگەیێندراوێکدا دڵنیایی دا کە چاوپۆشی لە هیچ کارێکی تێکدەرانە ناکەن و گوتی: "بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو کارە تێکدەرانەیە دەکەین کە لە گرێ سپی روویاندا و بوونە هۆی سووتاندنی ئۆتۆمبێلەکان، لێکۆڵینەوەش بەردەوام دەبێت تاوەکو هەموو تێوەگلاوان رووبەڕووی یاسا و سزای دادپەروەرانە بکرێنەوە."
ئاسایشی ناوخۆ داواشی لە هاووڵاتییان کرد دان بەخۆیاندا بگرن و نەکەونە داوی پیلانی ئاژاوەگێڕییەوە کە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە.
لە سەرێکانی داوای پارە لە ئاوارەکان دەکرێت
هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سەرێکانی لە پارێزگای حەسەکە، هۆشداریی تووندی دایە ئەو کەسانەی لە ماڵی ئاوارەکاندا نیشتەجێن و لە بەرامبەر چۆڵکردنی خانووەکانیاندا داوای پارە لە خاوەن ماڵە گەڕاوەکان دەکەن.
ئاسایشی سەرێکانی رایگەیاند، ئەم کارە بە تاوانی "زەوتکردنی موڵک" هەژمار دەکرێت و سەرپێچیکاران رەوانەی دادگە دەکرێن، هاوکات چوونەژوورەوەی هەر کەسێک بۆ نێو ئەو ماڵانە قەدەخە کراوە تا لە بەڵگەنامەی فەرمیی خاوەندارێتی دڵنیا نەبنەوە.
کاردانەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنەکەسە
لە وەڵامی پرسیارێکی نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری رووداو لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک سەبارەت بە پەلاماردانی کوردانی گرێ سپی، دانیێلا گرۆس دی ئەلمەیدا، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "زۆر گرنگە سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە سووریا لەسەر خاکی خۆیان هەست بە پارێزراوی بکەن و ئەوەش بە تەواوی لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ناوچەکەیە کە ئاسایش دەستەبەر بکەن."
لەلایەکی دیکەوە، ئیبراهیم موسلیم، بەڕێوەبەری هەرێمی کۆبانێ بە رووداوی راگەیاند، کە ئەوان لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ ئیدارەی گرێ سپی بۆ پاراستنی گیانی ئەو خێزانانە.
هاوکات ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە راگەیێندراوێکدا بە تووندی هێرشەکەی شەرمەزار کرد و داوای لە پارێزگاری رەققە کرد لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەستپێبکات و رێگری لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکاری دژ بە خێزانە سڤیلەکان بکات.


